بەهۆی كۆرۆناوە ئەمساڵ هیچ جۆرە فێستیڤاڵێكی كشتوكاڵی ئەنجام نادرێت

0
419

SNN-عەلی حەمە سەعید

لە ساڵانی ڕابردوودا و لە پارێزگا جیاوازەكانی هەرێم چەندین فێستیڤاڵی كشتوكاڵی تایبەت بە خستنەڕووی بەرهەمی جوتیاران و ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان ئەنجامدەدرا، بەڵام بە وتەی جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، بەهۆی بەردەوامی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئەمساڵ هیچ جۆرە فێستیڤاڵێكی كشتوكاڵی ئەنجام نادرێت.

رزگار ئەمین خدر، جێگری بەڕێوبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، بە SNNی راگەیاند: هەرچەندە لە ساڵانی ڕابردوو كاتێك ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ئارادا نەبوو ساڵانە لە وەرزە جیاوازەكاندا فێستیڤاڵی تایبەت بە خستنەڕووی بەرهەمی جوتیارانمان ئەنجام دەدا كە كاریگەری باشیان هەبوو لە ڕەخساندنی بازاڕ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمەكانیان، بەڵام لەم ساڵدا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هاوكات زۆرتربوونی قەیرانی داراییەوە هیچ پلانێكمان نییە بۆ ئەنجامدانی فێستیڤاڵی ساڵانەی بەروبوومی جوتیاران.

ئاماژەی بەوەشكرد: ئەوەندەی بەدواداچوونمان كردووە لەمساڵدا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەروبوومی جوتیاران لە بەرهەمە جیاوازەكان زۆر باش بووە و تاڕادەیەكی زۆریش بەرهەمەكانیان لەناوخۆدا ساغ بووەتەوە بەڵام هەندێك بەرهەم هەن كە ڕێژەیەكی زۆریان لێ‌ دەچێندرێت و دەبێتە هۆی ئەوەی لەكاتی وەری پێگەیشتنیاندا، خستنەڕوو زیاتربێت لە خواست ئەمەش وادەكات نرخەكەی بەدڵی جوتیاران نەبێت.

جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی، جەختی لەوەشكردەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ رێگریكردن لە هاوردەكردنی ئەو بەروبومانەی كە هاوردەكردنیان قەدەغەیە لە مەرزە سنورییەكانەوە، بۆ ئەمساڵیش تواندراوە تاڕادەیەكی باش كۆنترۆڵی ئەو بابەتە بكرێت كە ئەمەش لە بەرژەوەندی جوتیاران و گرنگیدانە بە بەرهەمی ناوخۆیی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this