حەوت ساڵە هەرێم یاسای بودجەی نیيە: لێكەوتە خراپەكانی نەبوونی بودجە چین؟

0
430
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
ماوەی حەوت ساڵە بە چەند هۆكارێكی جیاواز حكومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە بۆ پەسەندكردن و گفتوگۆكردن لەسەری، شارەزایانی ئابووریش ئەمە بە مەترسییەكی جددی دەزانن لەسەر بچوككردنەوەی قەوارەی هەرێم، سەرۆكی لیژنەی دارایش دەڵێت: “ئەگەر پرۆژەیاسای بودجە نەنێردرێتە پەرلەمان، ساڵی داهاتوو دۆخی دارایی هەرێم خراپتر دەبێت”.

عوسمان محەمەد، شارەزای بواری دارایی و ئابووری، بە SNNی راگەیاند: “نەناردنی پرۆژەیاسای بودجە لە لایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان لەلایەن هەر دەستەڵات و وڵات و هەرێمێكەوە ئەنجام بدرێت چەندین لێكەوتەی ئابووری و سیاسی زۆر خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەت كە هەرێمی كوردستان ماوەی حەوت ساڵە پرۆژەیاسای بودجەی نییە ئەمە هۆكاری سەرەكی بووە بۆ زۆربوونی گەندەڵی و نەبوونی چاودێر بەسەر چۆنیەتی خەرجكردنی ئەو داهات و سامانەی كە دێتە دەستی حكومەت نەزانینی بڕی داهات و خەرجییەكان لە لایەن پەرلەمانتارانەوە كە نوێنەری گەلن”.

وتیشى: “خراپی باری دارایی هەرێم و دواكەوتنی مووچە و لێبڕین و پاشەكەوتكردنی مووچە هەموویان پەیوەندییان بە لێكەوتەی خراپی نەناردنی پرۆژەیاسای بودجەوە هەیە بۆ پەرلەمان، چونكە كاتێك پەرلەمان نەزانێت بڕی داهات چەندە و خەرجییەكان چین و پرۆژەكان كامانەن ئەو كات حكومەت دەستكراوە دەبێت لە شاردنەوەی راستییەكان، وەك ئەوەی لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت”.

ئەو شارەزایەی بواری دارایی و ئابووری ئەوەشی خستەڕوو: “نەناردنی پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن حكومەتەوە بۆ پەرلەمان لەڕووی سیاسیشەوە كاریگەری زۆر خراپی هەبووە و دەبێت، بە تایبەت لەڕووی بچوككردنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێم، چونكە حكومەتی عێراق كاتێك دەبینێت هەرێم بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ داهات و خەرجی دەكات ئەوەش لەبەرامبەردا وەك پارێزگایەك مامەڵە لەگەڵ هەرێم دەكات وەك ئەوەی گوێبیست دەبین عێراق ناردنی 320 ملیارەكەی هەرێمی لەڕیزبەندی سێیەمی دابەشكردنی مووچە داناوە و وەك وەزارەتێك مامەڵەی لەگەڵ دەكات”.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشتر زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەندامی فراكسیۆنی سەوز، بە SNNی راگەیاند: “ماوەی حەوت ساڵە حكومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی نەناردووەتە پەرلەمانی كوردستان، بۆیە وەك فراكسیۆنی یەكێتی یەكێك لە پێشینەی كارەكانمان دروستكردنی فشاربووە لەسەر حكومەت بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ پرۆژەیاسای بودجەی 2021 رەوانەی پەرلەمان بكات، بۆ ئەو مەبەستەش وەك فراكسیۆنەكەمان نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانكردووە، بەڵام هێشتا وەڵام نەدراوینەتەوە”.

وتیشى: “ئەگەر حكومەتی هەرێم بیر لەوەبكاتەوە كە بیەوێت بۆ ساڵی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجە نەنێرێتە پەرلەمانی كوردستان، ئەوا هاووڵاتییان دڵنیادەكەینەوە دۆخی دارایی هەرێم لەم چەند ساڵە خراپتر دەبێت و باشتر نابێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this