هەڵەبجە ساڵانە خاوەنی 30 هەزار تۆن لە باشترین جۆری هەنارە

0
355

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەهۆی هەڵەكەوتەی شوێنی جوگرافی ناوچەكەو لەبارەی كەشوهەواكەی هەناری هەڵەبجە ناوبانگێكی باشی هەیە و لە ڕووبەڕی هەشت هەزار و 500 دۆنم زەویدا ساڵانە نزیكی 30 هەزار تۆن لە هەشت جۆری جیاوازی هەنار بەرهەم دەهێنرێت، بەرپرسێكی كشتوكاڵی هەڵەبجەش ئاماژە بەوەدەكات لەتواناماندا هەیە هەناری هەڵەبجە ڕەوانەی دەرەوە بكەین، بەڵام لە توركیا گرفتمان بۆ دروستدەكرێت و بابەتەكەیان بەسیاسی كردووە.

لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نۆ جۆر هەنار بەرهەم دەهێنرێن كە بریتین لە جۆرەكانی (ساڵەخانی، شیرین، كەوە هەنار، مەلەسی ، سورە هەنار، لاڕەشەی سازان، كاڕاڵی ، بێ‌ ناوك) بە وتەی یەكێك لە جوتیارە نمونەییەكانی ناوچەكەش لە ناو 86 وڵاتدا هەناری هەڵەبجە پلەی یەكەمی بەدەست هێناوە بەڵام گرفتمان بۆ دروست دەكرێت هەناردەی دەرەوەی بكەین.

شەریف مەحمود، بەرپرسی بەشی پاراستنی ڕووەك لە بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە بەSNNی ڕاگەیاند: بەهۆی ئەو كەشوهەوایەی كە هەڵەبجە هەیە و هەروەها هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافیش كاریگەریگەرییەكی ئەرێنییان هەبووە لەوەی كە باشترین جۆری هەنار لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەرهەم بهێنرێت، هەرچەندە كارامەیی و شارەزایی جوتیار و خاوەن باخەكانیش بۆخۆی هۆكارێكی ترە كە هەڵەبجەییەكان خاوەنی باشترین جۆری هەنار بن.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە نزیكەی 10 هەزار دۆنم زەوی كراوە بە باخی هەنار لەو ڕوبەرەش بە تێكڕا ساڵانە 25 تا 30 هەزار تۆن لەباشترین جۆری هەنار بەرهەم دەهێنرێت ساڵانە ڕووبەڕی زەوی تایبەت بە باخی هەنار زیاد دەكات، كە ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەییەو لە هیچ ناوچەیەكی تری هەرێمی كوردستان ئەو بڕە هەنارە بەرهەم ناهێنرێت، هەروەها ڕێژەكەی لەساڵێكەوە بۆ ساڵێكی تر دەگۆڕیت ئەوەش بەهۆی گۆڕانكاری لە كەشوهەوای ئەو ساڵەدا.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو رێژەی بەرهەم بە نزیكەی لە%4 كەمیكردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە وەرزی دروستكردنی گوڵی هەنار كەشوهەوا لەبار نەبوو، بەڵام لە جۆرەوە ئەمساڵ هەناری هەڵەبجە باشترین جۆری هەناری هەیە و لە ڕووی قەبارەشە وە هەناری ئەمساڵ زۆر گەورەترن لە هەناری ساڵانی ڕابردوو، ئەو ڕێژە زۆرەی هەناریش كە بەرهەم دەهێندرێت بەشی بازاڕەناوخۆییەكانی سنورەكە دەكات و زۆربەشی دەنێردێت بۆ بازاڕەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك”.

ئەو بەرپرسەی كشتوكاڵی هەڵەبجە ئەوەشی باسكرد، ئێمە چەند ساڵێكە هەوڵەكانمن چڕكردوەتەوە بۆ ئەوەی بەرهەمی هەناری هەڵەبجە هەناردەی دەرەوە بكەین چونكە دڵنیاین كە لەدەرەوەش خواستێكی زۆری لەسەر دەبێت و دەبێتە داهاتێكی باش بۆ حكومەتی هەرێم و خاوەن باخەكان، بۆ ئەمەبەستەش ئێمە ساڵی ڕابردوو یەكێك لە بازرگانەكان هەموو كاروبارێكی تایبەت بە هەناردەكردنی هەناری بۆ وڵاتانی دەرەوە بە كۆتا گەیاند، بەڵام كاتێك هەنارەكەی گەیشتە وڵاتی توركیا ڕێگەیان پێنەدرا ڕەوانەی وڵاتانی دیكەی جیهان بكرێت، توركیا ئەم بابەتەی بە سیاسی كردووە ئەوەش گرفتێكە و دەبێت چارەسەر بكرێت.

ئازاد محەمەد، كە یەكێك لە جوتیارە نموونەییەكانی هەڵەبجە و ساڵانە بەتەنها توانای بەرهەمهێنانی زیاد لە 100 هەناری هەیە بە SNNی ڕاگەیاند: لە ساڵی 2003 هەناری هەڵەبجەم ناردووەتە وڵاتی بەریتانیا و لەناو هەناری 96 وڵاتدا یەكەم بوو هەر ئەوەش وایكرد كە لە بەریتانیاوە بڕوانامەیەكی ڕێزلێنانم پێببەخشرێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت كە هەناری هەڵەبجە لە جیهاندا ڕكابەری نییە، ساڵانە جگە لەو بەرهەمەی كە خۆم هەمە بەرهەمی زۆرێك لە جوتیارانی سنورەكەش كۆدەكەمەوە كە دەگاتە نزیكەی 400 تۆن هەنار، هەموو ئەو هەنارەم لەناو بەڕادێكی تایبەتدا كە خۆم دروستم كردووە هەڵی دەگرم لە وەرزە جیاوازەكاندا دەیخەمە بازاڕەوە چونكە ناكرێت هەموو ئەم بەرهەمە لەیەك كاتدا بخەینە بازاڕەوە.

ئەو جوتیارە نمونەییە بە گرنگی زانی كە حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە پلانی پێویستیان هەبێت بۆ ئەوەی بەچەند ڕێگایەكی جیاواز سوود لە بەرهەمی هەنار وەربگیرێت بە تایبەت لەڕووی كردنەوەی كارگەی شەربەت و دروستكردنی ڕوبەهەنار و چەند بەرهەمێكی تر كە لەهەنار دروستدەكرێن.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this