لەبارەی ڕاگەیاندنی قەدەغەی سەرتاسەری لە هەرێم ڕوونكردنەوە دەدرێت

0
5187

SNN-عەلی حەمە سەعید

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم ئاماژە بەوەدەكات تادێت ژمارەی توشبوون و مردن بە ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕوو لە زیادبوون دەكات، لە پارێزگای سلێمانی هیچ جێگایەك نەماوە بۆ وەرگرتنی نەخۆشی دیكە، لە پارێزگای دهۆك ڕێژەی مردن زۆر زیادیكردووە ولە پارێزگای هەولێریش دۆخەكە وەك خۆیەتی، لەگەڵ ئەوەی تا ئێستا هیچ بڕیارێكمان بۆ دووبارە قەدەغەی هاتووچۆی گشتی ڕانەگەیاندووە بەڵام بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی شارەكان دەتوانن داوایەكی لەوشێوەیە بكەن.

د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە SNNی ڕاگەیاند: تا ئێستا نزیكەی ٤٠ كارمەند و پزیشكی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان بە هۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، هاوكات ڕۆژانەش حاڵەتەكانی تووشبوون بە كۆرۆنا زیاد دەكەن، لە ئێستادا نەخۆشخانەكانی سلێمانی جێگایان نەماوە بۆ وەرگرتنی توشبووی نوێ‌، لە پارێزگای دهۆكیش مردن بە كۆرۆنا زۆر زیادیكردووە، بەلام لە پارێزگای هەولێر دۆخەكە تاڕادەیەك جێگیرە و وەك خۆی ماوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەئێستادا هیچ بڕیارێكمان نییە بۆ دووبارە ڕاگەیاندنی قەدەغەی گشتی لە پارێزگاكانی هەرێم، بەڵام تووندكردنەوەی رێكارەكانی خۆپارێزیمان پێشنیار كردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر لە هەر پارێزگایەك حاڵەتەكان زۆر زۆر بوون و خەریك بوو لە كۆنترۆڵ دەربچێت ئەوا تەندروستی ئەو سنوورە بەهەماهەنگی لەگەڵ یەكە ئیدارییەكان دەتوانن بڕیاری پێویست دەربكەن بۆ قەدەغەی هاتووچۆ بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی بژێوی ژیانی هاووڵاتییان.

وتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، كاری گرنگ و لە پێشینەی ئێستامان پێدانی هۆشیاری تاك پارێزییە لە شار و شارۆچكەكان و هاوكات دووركەوتنەوەی هاووڵاتییان لە شوێنە قەرەباڵغییەكان و بەكارهێنانی ماسك و دەستكێشە چونكە كارێكی ئاسان نابێت دوبارە كەرەنتینەی گشتی یاخود قەدەغەی هاتووچۆ ڕابگەیەنین چونكە ناكرێت ژیان بوەستێت بەڵام دەكرێت خۆپارێزی ئەنجام بدەین.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this