وه‌زاره‌تى كاره‌با 70% فه‌رمانبه‌ره‌كانى ده‌گوازێته‌وه‌ سه‌ر كه‌رتى تایبه‌ت

0
705
وه‌زیرى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێم له‌كاتى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى وێستگه‌یه‌كى كاره‌با | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت: پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبه‌ت ماوەی زیاتر لە شەش مانگە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەرداوە، ده‌شڵێت: “%70 فەرمانبەرانی وەزارەتی كارەبا دەخرێنە سەر ئەو كۆمپانیایانه‌”.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بە SNNی راگەیاند: “بابەتی پێدانی كارەبا بە كەرتی تایبه‌ت شتێكی تازە نییە، بەڵكو لە بەرواری 5ى ئایارى 2020 لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارە دەركراوە، بەڵام ئێمە لەوكاتەوە تا ئێستا لە دیراسەكردنی ئەو بڕیارەداین بۆ ئەوەی بتوانین بە باشترین شێوە كەرتی كارەبا بگوازینەوە بۆ كەرتی تایبەت كە زۆرترین قازانج بۆ حكومەت بێت و نرخیش لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەبێت”.

وتیشى: “ئێمە گرێبەستێك دەكەین لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی كە كەرتی كارەبای پێدەدرێت، %70 كارمەندان و فەرمانبەرانی سەربە وەزارەتی كارەبا بە هەمان مووچە و ئیمتیازات وەربگرێتەوە، %30 فەرمانبەرەكانیشمان لە وەزارەت دەهێڵینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی نەرویجی و وڵاتانی دیكە و كۆمپانیای ناوخۆیی گفتوگۆكانمان دەستپێكردووە”.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبا دڵنیايى ده‌داته‌ هاووڵاتییان كە یەكێك لە بڕگەكانی گرێبەستەكەیان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی كە كەرتی كارەبا لە ئەستۆ دەگرێت ئەوەیە، نابێت نرخی كارەبا لەسەر هاووڵاتیيان گران بكات، بۆیە مەبەستی سەرەكی لەم كارە ئەوەیە ئەو خەرجییە زۆرەی لەسەر حكومەت هەیە بۆ كەرتی كارەبا كەمیبكەنەوە و لە بەرامبەریشدا كارەبا بە باشتر لە ئێستا بگەیەننە هاووڵاتییان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this