مەسرور بارزانی، حكومەت ڕووبەڕووی دۆخێكی سەختی ئابووری بۆتەوە

0
107

SNN- بریار محەمەد

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، هەرێمی كوردستان رووبەڕووی دۆخێكی سەختی ئابووری بۆتەوە و نەناردنی پشكی هەرێمیش لەبەغدا دۆخەكەی قوڵتر كردەوە، ئەم قەیرانەش وادەكات كاریگەری نەرێنیەكان كەم بكەینەوە بەبەردەوام بوون لەسەر چاكسازی و بەرنامەی كاری كابینەكە، هەموو هەوڵێكیش دراوە بۆ ئەوەی مووچە دابین بكرێت، لەماوەی كابینەی نۆیەمیشدا 12 مووچەمان دابەشكردوە تەنها دوو مووچەمان دابەش نەكردوە بەهۆی نەناردنی پشكی هەرێم لەلایەن بەغدا بۆ سێ مانگ.

دەشڵیت، كەمكردنەوەی تەمویلی مووچە و دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی ئابووری و تەندروستی و كەم بوونەوەی داهاتی ناوخۆ، ئەنجوومەنی وەزیران بەناچاری بڕیاریدا بەپێی داهاتی بەردەست مووچە دابەش بكات بە تەمیلی 79٪، حكومەتی هەرێمیش بەرپرس نیە لەم دۆخە هەموو جیهانی گرتۆتەوە و دەبێت بەناچاری خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەم دۆخە كەلەڕێگەی كەمكردنەوەی خەرجی و ڕێكخستنەوەی مووچە و جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی ئەو قۆناغه سەختە تێبپەڕێنین.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە وتەیەكدا ڕایگەیاند، پەیوەندی و هەماهەنگی بەهێز هەبووە لەنێوان حكومەت و پەڕلەمان و دامەزراوەكان، ئەمەش كاریگەری هەبووە لەسەر كاركردن و ئەدای كابینەی نۆیەم، لەهەمان كاتدا زۆرترین وەزیر و بەرپرسانی حكومەتمان ڕەوانەی پەڕلەمان كردوە و دوور لەهەموو مووزایەدەیەك لەچاكسازی بەردەوام دەبین، لەداهاتووش ڕاپۆرتێكی گشتگیر لەبارەی پڕۆسەی چاكسازی پێشكەش بەپەڕلەمان دەكەین.

دەشڵێت، لەماوەی یەك ساڵی دەست بەكاربوونیان هەرێمی كوردستان وعێراق و جیهان دووچاری چەند قەیرانێكی سەختی ئابووری و تەندروستی بوونەتەوە، لێكەوتە خراپەكانی كۆڕۆنا و نەهاتنی پشكی هەرێم لەبەغدا و دابەزینی نرخی نەوت كاریگەری خراپی هەبوو، نەك تەنها لەسەر ئێمە بەڵكو لەسەر وڵاتانی خاوەن ئابووری بەهێز، سەرەڕای ئەمانەش لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و پڕۆژە ستراتیژیەكان نەوەستاوین و بەردەوام بووین.

سەرۆكی حكومەت ڕوونیشی كردەوە، سەرەتا وتمان ئەركێكی سەختمان گرتۆتە ئەستۆ، چاوەڕوانی زۆریش لەم كابینەیە دەكرێت هەوڵ دەدەین لەئاستی ئەو چاوەڕوانیەدابین، بەڵام دەبێ واقعیش بین دەبێت كۆسپ و گفتە كەڵەكەبووەكان لەبەرچاومان بێت، تێپەڕاندنیان كاتیان دەوێت.

ئەوەشی خستەڕوو، چاكسازی بەشێكی گرنگی كابینەكمان بوو، پڕۆسەیەكی بەردەوامە و هەموو كەرتەكانیش دەگرێتەوە، چاكسازیش دووبەشە دارایی و كاركردن، لەڕووی دارایی چاكسازی لەبواری داهات لەسێكتەرەكانی باج و گومرگ و خاڵەسنوریەكان دەگرێتەوە، دادپەروەری لەسیستەمی باج جێگیر دەكرێت و پێواری تازە دەگرینە بەر لەسەر سەپاندنی باج لەسەر پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پەیوەندی و گەیاندن، كە پابەندكراون كۆمپانیاكان باجی كەڵەكەبوو و ئەو زیادەیەی بەهۆی دواكەوتنی دانەوەیان كەوتۆتە سەریان، ڕاسپاردنی وەزارەتی گواستنەوە بۆ دیاری كردنی پشكی هەرێم لەباجی فرۆشتنی كارتی هێڵەكانی مۆبایل وئەنتەرنێت.

دەشڵێت، كۆمپانیاكان پێویستە پێداچوونەوە بەخشتەی دانەوەی قەرزەكانیان بكەن و باج بدەن بەحكومەت، وەزارەتی داراییش پێڕاگەیاندنی كردوە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی گەیاندن باج بدەن، تائێستاش 49 كۆمپانیای بواری گەیاندن ئاگاداركراونەتەوە كەوا پابەندی شایستە داراییەكانیان بن و7 كۆمپانیاش دراونەتە دادگا تاوەكو پابەندی پێدانی شایستە داراییەكان بن، كاریش كراوە بۆ نەهێشتنی ڕۆتین و بەستنەوەی خاڵەسنوریەكان و فڕۆكەخانە بەیەكتر.

لەبارەی وەبەرهێنان ئەوەی خستەڕوو، ئەژماركردنی باج لەسەر گشت پڕۆژەكانی وەبەرهێنان كە ماوەی بەخشینی باج و گومرگیان تەواو بووە بەپێی یاسا، هەروەها كاركراوە بۆ پێكهێنانی ئەنجوومەنی پیشەیی و وردبینی ئەژمارەكان بۆ ڕێگری لەخۆدزینەوەی دانی باج و پابەندكردنی گەورە كۆمپانیاكان و بازرگانەكان بۆ پێشكەشكردنی دەفتەری بازرگانی و بەڵگەنامەیەك كە ڕاست و دروستی داهات دەخاتەڕوو، سەرجەم بڕیار و ڕێنماییەكان كە لێخۆشبوونی باج دەگرێتەوە هەڵوەشاوەتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this