“كابینه‌ى 9 هەشت پرۆژەی ستراتیژی ئەنجامداوە حەوتیان لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكن”

0
657
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی سەرۆكی حكومەت و بەرپرسانی باڵای ئەم كابینەیەی حكومەت باس لە ئەنجامدانی پرۆژەی ستراتیژی و بەرەوپێشچوونی گوزەرانی هاووڵاتییان دەكەن، بەڵام بە وتەی “ئابووریناسان دۆخەكە پێچەوانەیە”، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵه‌بجەش دەڵێت: “ئه‌م كابینەیە هەشت پرۆژەی ستراتیژی ئەنجامداوە حەوتیان لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكن”.

پێشەوا محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند:” كاتێك لە پەرلەمانی كوردستان متمانە بە كابینەی نۆیەمی حكومەتدرا لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە كارنامەیەكی جوان و گشتگیر خوێندرایەوە كە دەیانەوێت لەم كابینەیەدا جێبەجێی بكەن كە هەموویان لە خزمەتی بوژانەوەی ئابووری پارێزگاكانی هەرێمدابوون، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین ئەوە نەبوو كە چاوەڕێمان دەكرد، دیارە ئەوەش پەیوەندی بە تێكچوونی دۆخی ئابووری هەرێم و عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌”.

وتیشى: “لەماوەی زیاتر لە ساڵێك بەسەر دەستبەكاربوونی ئەم حكومەتەدا نەتوانراوە تەنیا یەك پرۆژە لە پارێزگای هەڵەبجە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەكاتێكدا نزیكەی هەشت پرۆژەی ستراتیژی لەم كابینەیەدا خراونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام حەوت پرۆژەیان لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆكن، تەنیا یەك پرۆژەیان كە شەقامی 100 مەتری سلێمانییە خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمەش ناهاوسه‌نگییه‌كى زۆرە و جێگەی پرسیارە بۆچی تا ئێستا بەردی بناغەی یەك پرۆژە لە هەڵەبجە دانەنراوە”؟!

سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو :”ئەم كابینەیه‌ى حكومەتی هەرێم ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابینبكات، ئەو هەوڵانەشی كە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی دراون ئەنجامیان نەبووە، هاووڵاتییان ماندوون بازاڕ پەكیكەوتووە سیاسیەتێكی ناشەفاف لەبواری نەوتدا پەیڕەو دەكرێت، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆكاری ئەوەی نەتوانرێت گرفتەكانی هاووڵاتییان چارەسەر بكرێن”.

عوسمان محەمەد، شارەزا لە كاروباری ئابووری له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ SNN ئەوەی خستەڕوو: “كاتێك دەوترێت حكومەتی هەرێم دەبێت بەڕاستی حكومەتی هەموو هەرێمی كوردستان بێت نەك لە دوو پارێزگا كاربكات و دوو پارێزگای دیكە پشتگوێ‌ بخات، بۆیە ئەوەی بەدیدەكرێت لە كابینەیەی حكومەت ئەوەیە كە نەیتوانیووە لە ئاست داواكاری و چاوەڕاوانییەكانی هاووڵاتییاندا بێت بەتایبەت لەڕووی ئەنجامدانی چاكسازی لەبوارە ئابوورییەكان و سەرچاوەكانی بەدەستخستنی داهات”.

وتیشى: “تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان نازانرێت بڕی داهات چەندە و سەرچاوەكانی داهات كامانەن و بڕی داهاتەكانیان چەندە ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەڕووی بونیاتنانی ژێرخانی ئابووری و دامەزراندنی كارگەی گەورە و رەخساندنی هەلیكار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان كارێكی ئەوتۆ بكرێت”.

لەبەرامبەر ئەو بۆچوونانەدا، فازڵ بەشارەتی، پەرلەمانتاری پێشووتری پەرلەمان لە فراكسیۆنی پارتی بە SNNی راگەیاند: “بارودۆخە ئابووری و سیاسی و ئەمنیەكە رێگر بووە لەوەی كە كابینەی نوێی حكومەت نەتوانین ئەو كارنامەیەی كە هەیبووە جێبەجێی بكات، بەڵام دەبێت هەموومان هاوكاری حكومەت بین بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەرنامە چاكسازییەی دەستیپێكردووە”.

ئەوەشی خستەڕوو: “بەدڵنیاییەوە نیەتێكی باش بەدیدەكرێت بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لەم كابینەیەدا و كاردانەوەی باشی تیادا بەدیدەكەین”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this