مامۆستایان: بە گیرفانی بەتاڵەوە چۆن یادی رۆژی مامۆستایانی كوردستان بكەینەوە

0
207

SNN- بریار محەمەد
لە رۆژی جیهانی مامۆستایان و رۆژی مامۆستایانی كوردستان، مامۆستایان دەڵێن: ناتوانن بە گیرفانی بەتاڵەوە خۆشی دەرببڕین.

گزنگ سەلام، مامۆستایە لە یەكێك لە خوێندنگاكانی شاری هەولێر، بە SNN دەڵێت: “من ماوەی 8 ساڵە بە شێوەی گرێبەست دەوام دەكەم و دانامەزرێم، سەرباری هەموو ئەمانەش، ئێستا ئەمرۆ هاتوون پیرۆزبایمان لێدەكەن ئاخەر پیرۆزبایی بەئێمە چی كاتێک گیرفانمان بە تاڵبێت و سیستەمی پەوەردەش بەو شێوەی ئێستا وێران بێت، پێم ناڵێن رۆژی مامۆستایان چ واتایەكەی هەیە؟”

ئارام سەعدی، مامۆستایەكەی ترە لە سنووری پەروەردەی دەوروبەری هەولێر، دەڵێت: “بەداخەوە لە هەرێمی كوردستان هیچ شكۆ و هەیبەتێک بۆ مامۆستایان نەماوە، مامۆستا لە نێو بینای خوێندنگا تێر شەق دەكرێـت و كەسیش لەسەری بەدەنگ نایەت”.

ئەو مامۆستایە رەخنەی لە یەکێتی مامۆستایانیش گرت، کە بە وتەی ئەو نوێنەرایەتی مامۆستایان ناکات و وەکو پێویست خزمەتی بە مامۆستایان و پەروەردە نەگەیاندووە.

لای خۆشیەوە عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “وێرای پیرۆزبایی و سوپاس و پێزانیمان بۆ تەواوی مامۆستایان، داوا دەكەین لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن كێشەی دواكەوتن و كەمكردنەوەی مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران چارەسەر بكرێت، هەروەها  لەكاتی كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن كار بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی تەندروستی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا  بكرێت”.

راشیگەیاند: هەروەها داوا دەكەین مووچە پاشەكەوتكراوەكانی مامۆستایان بگەڕێندرێتەوە و شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دروستبكرێت و پارێزبەندی و باشتركردنی گوزەرانی مامۆستایان لە پێشینەی كارەكانی حكومەتی هەرێم بێت، هەروەها ئەو یاسایەی کە دوو ساڵە لەبارەی پارێزبەندی بۆ مامۆستایان لە پەرلەمانە کاری لەسەر بکرێت .
ئەمرۆ ساڵیادی دامەزراندنی رێكخراوی پەروەردەی نێودەوڵەتی (EI)، كە لە رۆژی 5-10-1994 دامەزراوە و یەكەم رێكخراوی نێودەوڵەتیی مامۆستایانە، هەروەها رۆژی 6-10، كە ساڵیادی رۆژی مامۆستایانی كوردستانە، لەم  رۆژەشدا مامۆستایان بە نیگەراینەوە باسی ئەو رۆژە دەكەن .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this