مامۆستایەکی زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک رکابەریی شێخ باز بووە بۆ شوێنەکەی ئاشتی هەورامی

0
735

SNN
جارێكی دیکە ناوی شێخ باز بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان میدیا و شەقامی بە خۆیەوە سەرقاڵكردەوە، لە بەدواداچوونێکی  SNNدا دەركەوتووە لە ئێستادا دوو كاندید بۆ وەرگرتنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەن یەكێكیان شێخ بازە و ئەویتر مامۆستایەكی زانكۆی ئەمریكییە لە شاری دهۆك، بەڵام تاوەكو ئێستا ناو و رووخساری نییە، بەڵام چانسی کەمترە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ساڵی 2005 پێکهێنرا، لەدوای دروستبوونییەوە تاوەكو ئێستا تەنیا یەك پیاو ئەم وەزارەتەی بەڕێوەبردووە، ئەویش (ئاشتی هەورامی) بووە.
چارەنووسی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە كابینەی نۆیەمدا كە مەسرور بارزانی سەرۆكایەتی دەكات نادیارە، بینای تایبەتی وەزارەتەكە لەناو شاری هەولێر ئێستا بووە بە بارەگای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ‌و نێچیرڤان بارزانی‌ و جێگرەكانی دەوامی تێدا دەكەن، ئاشتی

هەورامی كە لە 13 ساڵی رابردوودا ئیدارەی ئەم وەزارەتەی دەدا، بۆ یەكەمجار لە كابینەی نوێ لەسەر دەستی مەسرور بارزانی دوور خرایەوە ‌و ئێستا یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتە بۆ كاروباری وزە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی SNN مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت، چەند مانگێك بەر لە دروستكردنی كابینەكەی دەستیكردووە بە گەڕان بەدوای كەسێكدا بۆ دانانی لە پۆستی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لەو گەڕانەدا سەرنجی چووەتە سەر ژمارەیەك ناو، یەكێك لەوانە مامۆستایەكی زانكۆی ئەمریكی بووە لە دهۆك، بەڵام بەهۆی زۆریی تەمەنەوە كاندید كردنی بۆ پۆستەكە رەتكردووەتەوە، چەند ناوێكی تر پێشنیاز كراون، بەڵام هێشتا مەسرور بارزانی بڕیاری كۆتایی نەداوە، ئەو بەدوای كەسێكدا دەگەڕێت كە تواناكانی لە ئاستی ئاشتی هەورامیدا بێت‌ و لە دۆسیەكە تێبگات، رەنگە دواجار پۆستەكە بۆ (شێخ باز) بێت و ببێت بە دووەم وەزیری سامانە سروشتییەكان (یاخود وەزیری نەوت) لە مێژووی هەرێمی كوردستاندا .
شێخ باز كێیە ؟

حەزی لە دەركەوتنی زۆر نییە لە میدیاكاندا، كەمترین گفتوگۆی هەیە لەگەڵ رۆژنامەنووساندا، بۆیە سەرباری ئەوەی سەرمایەدارێكی گەورەیە، خەڵك زۆر شت لەبارەی ئەوەوە نازانن.
ئەو ناوی (باز كەریم بەرزنجی)یە، پەنجا ساڵی تەمەنی تێپەڕاندووە ‌و خەڵكی شاری هەولێرە، ساڵی 1999 بۆ یەكەمجار كۆمپانیایەكی دروستكردووە و لە بواری بیناسازی ‌و نۆژەنكردنەوەی بینای خوێندنگەكاندا كاریكردووە، ماوەیەكیش كاری بۆ ئاژانسی فریاگوزاری سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە، هەندێك سەرچاوەی تر مێژووی دروستبوونی كۆمپانیاكەی بۆ ساڵی 1992 دەگێڕنەوە.

شێخ باز لە ساڵی 2004وە لە كەرتی نەوتدا دەستی بەكاركردن كردووە، بەڵام هەندێك زانیاری تر هەن باس لەوە دەكەن، كاركردنی شێخ باز لە كەرتی نەوت بۆ سەردەمی رژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە، ئەوكات ئەو لەگەڵ خێزانەكەیدا لە بەغدا ژیاون.
هەر بە پێی بەدواداچوونەكانی SNN كۆمپانیای (كار گروپ) كە شێخ باز سەرۆكایەتی دەكات ئێستا جڵەوی ئەو بۆرییانەی بەدەستەوەیە كە نەوتی هەرێمی كوردستان رەوانەی دەرەوە دەكەن، رێژەی 40%ی خاوەندارێتی بۆرییەكان بۆ كار گروپ دەگەڕێتەوە‌و (60%)ی بۆرییەكانیش كۆمپانیای رۆسنەفتی روسی خاوەندارێتی دەكات، راكێشانی ئەو بۆرییە دەستی شێخ بازی لە كەرتی نەوتی هەرێمدا بە تەواوەتی درێژكرد.

سەرباری ئەمە، كۆمپانیاكەی شێخ باز كێڵگەی خورمەڵەی بەدەستەوەیە كە رۆژانە (170 هەزار) بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەم گرێبەستە كە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقدا كراوە، بەردەوام لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە گومانی گەندەڵی لەسەر دادەنرێت‌ و داوای راگرتنی دەكرێت.

لای خۆشیەوە سەرۆك ئازاد گەڵاڵی، بریاردەری لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند “راستە ماوەیەكە باس لە كاندیدكردنی شێخ باز دەكرێت بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دوینێش سەرۆكی حكومەتی هەرێم باسی لەوە كرد دوو كەس بۆ ئەو پۆستە كاندیدن یەكێكیان شێخ بازە و ئەویتریش مامۆستایەكی زانكۆی ئەمریكییە لە دهۆك، بەڵام تاوەكو ئێستا بە فەرمی هیچ كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە پێشنیاز نەكراوە تەنها ناویان دەهێندرێت .

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە شێخ باز لەگەڵ شاندەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆ لەسەر نەوت‌ و بودجە دەردەكەوێت، كە كەسایەتییەكە شارەزایی باشی لەبواری نەوت هەیە.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this