“تووشبووانی کۆرۆنا دەبێت کەمترین چارەسەر وەبگرن و ترسیان لە ڤایرۆسەکە نەبێت”

0
5383

SNN- محەمەد مستەفا

لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی مردن بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ئیدارەی ڕاپەڕین لە وەڵامی چەند پرسیارێکی SNN تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دکتۆر (ڕەوەند عەبدولرەحمان) پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری سینگ و دڵ و مولولەکانی خوێن باس لە چەند رێنمایەکی گرنگ بۆ تووشبووانی ڤایرۆسەکە دەکات.

ئایا ترس لە کۆرۆنا تا چەند کاریگەری خراپی لەسەر تەندروستی نەخۆش هەیه ؟

دکتۆر ڕەوند عەبدولرەحمان: بەر لە هەموو شتێک پێویستە هاووڵاتییان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا نەترسن و زۆر ئاسایی مامەڵەی لەگەڵ بکەن و بەڵام بە رێکاری خۆپارێزی و بەستنی ماسک لە شوێنە قەرەباڵغەکان، بوونی ترس لە ڤایرۆسەکە زۆرترین کاریگەری هەیە لەسەر خراپوونی دۆخی تووشبووان و دەبێتە هۆی سەکتەی سیەکان و جەڵتەی دڵ ، بۆیه پێویستە وەک هەر وەک ڤایرۆسەکانی تر سەری کۆرۆنا بکرێت و بە ئاسایی وەریبگرین، بوونی ترس لە ڤایرۆسەکە و نەمانی بەرگی نەخۆشەکە وا دەکات ڤایرۆسەکە ببێتە هۆی خوێن مەیاندن لە چەند شوێنێکی جەستەی نەخۆشدا و پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت.

کاتێک دەرکەوت تووشی ڤایرۆسەکە بووە پێویستە چی بکات ؟

دکتۆر ڕەوند عەبدولرەحمان: هەر کاتێک کەسێک نیشانەکانی کۆرۆنای تێدا دەرکەوت یان دوای پشکنین دەرکەوت کە تووشی کۆرۆنا بووە، ئەوا پێویست بە شڵەژان و ترس ناکات نابێت لە خۆیەوە هیچ چارەسەرێک وەربگرێت تەنیا پێویستە پشوو بدات و لە ماڵەوە خۆی کەرەنتین بکات و سود لە خواردنی میوەکان وەربگرێت، گەر ئازار و تای بەرزی هەبوو ئەوا سود لە چارەسەری پاراسیتۆڵ وەربگرێت بۆ دابەزاندنی تاکەی، نەک بەکارهێنانی دەرمانە ئازار شکێنەکان و دژە هەوکردنەکان بە شێوەیەکی زۆر و بەردەوام .

خواردنی دەرمانی زۆر کارگەری چیه لەسەر ڤایرۆسەکە ؟

دکتۆر ڕەوند عەبدولرەحمان: دەرکەوتووە بەکارهێنانی چارەسەری زۆر و نا پێویست پرۆسەی چاکبوونەوەی نەخۆش لە ڤایرۆسەکە دوادەخات و نەخۆشەکە زۆر هیلاک دەکات و زۆر جاریش دەبێتە هۆی مردن، بۆیە تکا دەکەم هەر نەخۆشێک تا باری تەندروستی زۆر خراپ نەبێت هیچ چارەسەر وەرنەگرێت ئەویش لە ژێر رێنمای پزیشکی پسپۆر دابێت.

ئایا ڤایرۆسەکە تا چەند کاریگەری هەیە لەسەر نەخۆشانی شەکرە و پەستانی خوێن ؟

دکتۆر ڕەوند عەبدولرەحمان: ڤایرۆسەکە هیچ مەترسیەکی تایبەتی نییە بۆ تووشبووانی ئەم دوو نەخۆشییە تا جێگەی ترس بێت، بەڵکو ئەوانیش دەبێت وەک کەسی ئاسایی سەیری ڤایرۆسەکە بکەن و تەنیا چارەسەری خۆیان کە دەرمانی چارەسەری شەکرە و پەستانی خوێنە بەکاربهێنن نەک چارەسەری تر.

زۆرێک لە هاووڵاتییان کۆرۆنا بە پەتای وەرزی دەزانن و چەند چارەسەرێک لە خۆیانەوە بەکاردەهێنن ئامۆژگاریت چیە ؟

دکتۆر ڕەوند عەبدولرەحمان: بەهۆی زۆر بڵاووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و نزیکی نیشانەکانی لەگەڵ پەتای وەرزی وا باشتره ئەو کەسانە هیچ چارەسەرێک وەرنەگرن بە تایبەت دەرزی (دیکسامیسازۆن) و حەبی دژە هەورکردنی بەکتریایی چونکە ئەگەر هەیە ئەو کەسە کۆرۆنای بێت نەک پەتای وەرزی ئەمەش وا دەکات کەسەکە باری تەندروستی تێک بچێت و دۆخی خراپتر بێت.

بۆ زیاد بوونی ڕێژەی ئۆکسجین و چارەسەری تەنگە نەفەسی پێویستە نەخۆش چی بکات؟

دکتۆر ڕەوند عەبدولرەحمان: وا باشتره تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە هەر کاتژمێرێکدا بۆ ماوەی 10 خولەک لەسەر سنگ پاڵ بکەون و رۆژانە چەند جارێک بەشیوەی (سوجدەی نوێژ) دابینشن بۆ ئەوەی ئۆکسجین بگاتە تەواوی سکۆڵەکانی ناو سییەکان، رۆژانەش لانی کەم 10 خولەک خۆیان بەر تیشکی خۆر بدەن.

کۆتا رێنمایت بۆ تووشبووانی کۆرۆنا چیه؟

دکتۆر ڕەوند عەبدولرەحمان: تەنیا چاودێری رێژەی ئۆکسجینیان بکەن کە وا باشترە رێژەکەی لە 90 ٪ کەمتر نەبێت و هیچ چارەسەرێک وەرنەگرێت، بەڵام گەر 90 ٪ کەمتر بوو ئەوا پێویستە پزیشکی پسپۆڕ نەخۆشەکە ببینێت.

دکتۆر ڕەوەند عەبدولرەحمان .

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this