رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى حكومه‌ت و په‌رله‌مان: مووچەخۆران بەتەمای مووچەی تەواو نەبن

0
1681
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەى پەرلەمانی كوردستان سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە زیادكردنی قەرزەكان لە 27 ملیار دۆلار بۆ 28 ملیار دۆلار كرد، پسپۆڕێكی بواری دارایی و ئابووری ده‌ڵێت: “ئەم بێباكییەی حكومەت لەبەردەم پەرلەمان ئەوەمان پێدەڵێت كە هەرگیز مووچەخۆران بەتەمای مووچەی تەواو نەبن و ئەم قەرزانە وەك بیانوویەك دژ بە فەرمانبەران بەكار دەهێنن”.

عوسمان محەمەد، پسپۆڕی بواری دارایی و ئابووری بە SNNی راگەیاند: “ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت لەڕووی ئابووری و داراییەوە لە هیچ وڵات و هەرێمی دیكەی جیهان وێنەی نییە، چونكە تائێستا لە هەرێمی كوردستان بونیاتی ئابووری و سیستمی درایی بوونی نییە، لە كاتێكدا لە هەر وڵات و هەرێمێكدا كاتێك حكومه‌ت دەیەوێت دینارێك قەرزبكات، دەبێت بەپێی یاسا بێت و پەرلەمان نوێنەرانی گەل ئاگاداری جۆری ئەو قەرزه‌بن و بزانن بۆ چ مەبەستێك قەرز دەكرێت، بۆیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت نە یاسا پەیڕەو دەكرێت نە حساب بۆ پەرلەمانش دەكرێت لە قەرزەكاندا”.

وتیشى: “سەرۆكی حكومەت پێش چەند مانگێك رایگەیاند كە 27 ملیار دۆلار قەرزیان كردووە، بەڵام دوای چەند مانگێكی كەم ئەم قەرزانە بۆ 28 ملیار بەرزبوویەوە، ئەمەش لەلایەك بێباكی حكومەت دەسەلمێنێت لەبەردەم پەرلەماندا و لەلایەكی دیكەشەوە ئەوە بە مووچەخۆران و فەرمانبەران دەڵێت: بەتەمای ئەوە مەبن مووچە چاكبكرێت بۆ ئەوەی هەمیشە ئەم قەرزانە وەك بیانویەك بهێڵێتەوە بۆ باشترنەكردنی دۆخی گوزەرانی هاووڵاتییان”.

ئەو پسپۆڕەی بواری دارایی و ئابووری ئەوەشی خستەڕوو: “ئەگەر حكومەتی هەرێم بیەوێت ئەوا چارەسەری ئەم دۆخەی بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە زۆر ئاسانە، ئەوەش بە هێنانە پێشەوەی كەسانی تەكنۆكرات و پسپۆڕ لە بواری ئابووری و دارایی، شەفافكردنی سەرچاوەكانی داهات و خەرجییەكان”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this