حکومەتی هەرێم: دەبێت لەگەڵ خشتەی مووچەی مانگانەی بەغدا خۆمان بگونجێنین

0
273

SNN

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا ڕاپۆرتی سێ مانگی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ڕەوانەی پەرلەمان بکات و هاوكات وەزارەتی دارایی وئابووریی راسپێردرا خۆگونجاندن بکات لەگەڵ خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/10/7 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ڕێکخستنەوەی خشتەی مانگانەی پێدانی مووچە کرا لە بەر ڕۆشنایی خۆگونجاندن لە گەڵ خشتەی مانگانەی خەرجکردنی بەشێک لە شایستە داراییەکانی هەرێم لە لایەن حکومەتی فیدراڵییەوە.

بۆ ئەم مەبەستەش، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی وئابووری ڕاسپارد، ڕێکاریی کارگێڕیی و دارایی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتەبەر.

پاشان لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، د.عەبدولحەکیم خەسرۆ سکرتێری لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی، ڕاپۆرتی سێ مانگی یەکەمی کەوتنەبواری جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ژمارە ( 2) ی ساڵی 2020  خستەڕوو، کە تێیدا  بڕیار و پەیڕەو، ڕێنمایی و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاساکە ڕوونکراونەتەوە، لەگەڵ خستنەڕووی پلانی حکومەت، بۆ هەنگاوەکانی داهاتووی جێبەجێکردنی بەشەکانی تری یاسای چاکسازی، لە لایەن وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، لە ئایندەیەکی نزیکدا، ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات هەروەک سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە ڕاپۆرتی خۆیدا لە بەردەم پەرلەمان، ئاماژەی پێدابوو.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this