جوتیارانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌مساڵ 27 هه‌زار ته‌ن هه‌نار ده‌خه‌نه‌ بازاڕه‌وه‌

0
394
به‌رهه‌مى هه‌نارى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN-عەلی حەمە سەعید
هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئەمساڵیش بەرهەمی هەناری سنووری پارێزگای هەڵەبجە بێ‌ ركابەرە و بەوتەی بەرپرسانی كشتوكاڵى ئه‌و پارێزگایه‌ش، “هه‌نارى ئه‌مساڵ لەڕووی كواڵیتییەوە لە هەموو ساڵێك باشترە”.

نەجمەدین عومەر، بەڕێوەبەری بەشی باخداری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی هەڵەبجە، بە SNNی راگەیاند: “لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە هەشت هەزار و 500 دۆنم باخی هەنارمان هەیە، بۆ ئەمساڵ نزیكەی 27 هەزار ته‌ن هەنار بەرهەممان دەبێت، لەكاتێكدا ساڵانی رابردوو نزكەی 30 هەزار ته‌ن هه‌نارمان هەبوو”.

وتیشى: “كەمبوونه‌وه‌ى بەرهەمی هەنار لەمساڵدا پەیوەندی بە بەرزى و نزمی پلەكانی گەرماوه‌ هەیە، بەڵام ئەوەی هەناری ئەمساڵ جیادەكاتەوە لە هەناری ساڵانی رابردوو ئەوەیه‌، لەڕووی قەبارەوە هەناری ئەمساڵ قەبارەیان زۆر گەورەیە، هەناری وامان هەیە بە تەنیا یەك كیلۆ زیاتر دەبێت، لەكاتێكدا ساڵانی رابردوو بەرهەم زۆربوو، بەڵام هەنارەكان لەڕووی قەبارەوە بچوك بوون، بۆیە لەڕووی كواڵیتییەوە هەناری ئەمساڵ لە هەموو ساڵێك باشترە”.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئازاد محەمەد، كە یەكێكه‌ لە جوتیارە نمونەییەكانی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “هەناری هەڵەبجە لە جیهاندا ركابەری نییە”.

وتيشى: “ساڵانە بەتەنیا نزیكەی 400 ته‌ن هەنار لەم سنوورە كۆدەكەمەوە، بەگوێرەی پێویست دەیخەمە بازاڕەوە، چونكە ناكرێت هەموو ئەم بەرهەمە لەیەك كاتدا بخەینە بازاڕەوە، هاوكات دڵنیایی دەدەم كە هەڵەبجە بەتەنیا دەتوانێت پێداویستی هەناری ناوخۆیی پڕبكاتەوە، تەنانەت رەوانەی دەرەوەشی بكەین”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this