کازمی: بەغدا سوورە لەسەر ئەوەی کە هیچ گروپێکی چەکداری لە شەنگال نەمێنێت

0
227

SNN

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: حكومەتی فیدراڵ جەخت لەوەدەکاتەوە کە نابێت هیچ گروپێکی چەکداریی لە شەنگال بمێنێت جا گروپە چەكدارە خۆجێیەکان بێت یان ئەوانەی كە لە دەرەوەی سنوورەوە هاتوون.

نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: کازمی لەبارەی رێککەوتنەکەی دوێنێی هەرێم و بەغدا سەبارەت بە شەنگال دوپاتیکردووەتەوە رێككەوتن لەسەر دۆسیەكانی كارگێڕی و ئەمنی لە قەزای شنگال كراوە و ئەو رێککەوتنە دەبێتە مایەی خێراكردن و ئاسانكاری بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ قەزاكە و روونیشیكردووەتەوە كە رێككەوتنەكە لە كەشێكی لێكتێگەیشتن و برایانە لەچوارچێوەی دەوڵەتی فیدرالیدا كراوە كە رەنگدانەوەیەكی باشی دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها دەبێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەركردنی سەرجەم ناوچەكانی فرە ئایینی و پێكهاتەیی لە عێراقدا.

باس لەوەشكراوە كە مستەفا كازمی ئەوەی دووپاتكردووەتەوە كە حكوومەتی فیدرال بە هەماهەنگیی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رۆڵی سەرەكیی خۆی دەگێرێت لەپێناو جێبەجێكردنی ئەم رێككەوتنە بەشێوەیەكی راست بۆ ئەوەی سەركەوتنی رێككەوتنەكە دەستەبەر بێت ئەوەیش یەكەمجار بە هاوكاری لەگەڵ دانیشتوانی شنگال دەبێت و هەروەها جەخیتكردووتەوە لەسەر پەرۆشی و جیددیبوونی حكوومەتی فیدراڵ لەوەی کە نابێت هیچ گرووپێکی چەکداریی لە شنگال بمێنێت جا گروپە چەكدارە خۆجێیەکان بێت یان ئەوانەی كە لە دەرەوەی سنوورەوە هاتوون و دووپاتیشیكردووەتەوە كە ئاسایشی رۆژئاوای نەینەوا دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی فیدراڵ.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this