“قایمقامى نوێى شنگال به‌ هه‌ماهه‌نگى حكومه‌تى ناوه‌ندى و حكومه‌تى هه‌رێم داده‌نرێت”

0
223
دۆخى خراپى هاووڵاتیان و مانه‌وه‌یان له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماڵه‌كه‌یان له‌ شنگال | فۆتۆ: IOM

SNN ـ بڕیار محەمەد

قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت رایدەگەیه‌نێت: دوای رێکكەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەمنی شنگال و دووبارە گەڕانەوەی ئاوەدانی بۆ ناوچەکە خەڵكی شنگال ئەو رێکكەوتنە بە گرنگ دەزانن، وتیشى: “داوا دەکەین حکومەتی عێراق پەلەبکات لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکەدا”.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت بە SNNی راگەیاند: “هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال گەیشتوونەتە رێکكەوتن و خەڵکی شنگالیش ئەو رێکكەوتنە بە گرنگ دەزانن، داواکارن هەرچی زووە حکومەتی عێراق دووبارە شنگال ئاوەدان بکاتەوە”.

وتیشی :”بێگومان ئەو رێکكەوتنە وادەکات جارێکی تر ئارامی و سەقامگیری بۆ نێو شنگال بگەڕێتەوە، ئەو هێزانەی لەوێشن نەمێنن، چونکە چەندان ساڵە بەهۆی هەبوونی کێشە لەسەر ئیدارەدانی ناوچه‌کە و بوونی هێزی دیکە شنگال ئاوەدان نەکراوەتەوە، بۆیە هیواداراین حکومەتی عێراق بەکار و پرۆژەکانی کەمێک لە ئێش و ئازاری ئێزدیيەکان کەم بکاتەوە”.

بەپێی زانیارەکانی SNN كه‌ له‌ به‌رپرسانى شنگال وه‌ریگرتوون، “دانانی قایمقامێك لە شنگال به‌ ھەماھەنگی لەنێوان به‌رپرسانى پارێزگاى نەینەوا و ھەرێمی كوردستاندا دەبێت، چونكە دەورووبەری نەینەوا ھاوپەیمانی كوردستانییە و پۆستی قایمقامی شنگالیش مافی كوردە”.

رۆژی ھەینی 9ى تشرینى یه‌كه‌م، شاندی ھەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومه‌تى ھەرێمی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال كۆبوونەو، یەكەم كۆبوونەوەی شاندەكەی ھەرێمی كوردستانیش لەگەڵ راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، قاسمی ئەعرەجی بوو، دواتر لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق جینین پلاسخارت كۆبوونەوە و لەسەر ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال رێككەوتنێكیان واژوو كرد.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this