دۆخی هەرێم کۆچکردنی بەرەو ئەوروپا زیادکردووە

0
395

SNN-عەلی حەمە سەعید

بە گوێرەی ئامارەكانی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاد لە 30 هەزار هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمەوە روویان لە وڵاتانی ئەوروپی کردووە و پارێزگای دهۆكیش زۆرترین هاووڵاتی تیادا ڕۆشتووە، لەماوەی كەمتر لە پینج ساڵیش زیاد لە 560 هەزار هاووڵاتی عێراق و هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە.

ئاری جەلال، سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران بە SNNی ڕاگەیاند: ئەو بارودۆخەی بە شێوەیەكی گشتی ڕووی لە عێراق كردووە بە تایبەتی تریش لە هەرێمی كوردستان بە هۆی نەبوونی هەلیكار و موچە و بارودۆخی تەندروستی و نەبوونی سیاسەتێكی ڕوون بۆ ئیدارەدانی هەرێم و دیارنەبوونی چارەنوسی ئایندەی عێراق و هەرێمی كوردستان كە بە چ ئاقارێكدا دەڕوات، هاوكات گەڕان بەدوای ژیانێكی شایستە تردا وایكردووە كە كۆچی هاووڵاتیان لە هەموو چین و توێژە جیاوازەكان بۆ وڵاتانی ئەوروپی بەردەوامی هەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد: لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بەهۆی كۆرۆناوە بۆ ماوەی زیاد لە شەش مانگە سنوورەكەكان زۆر توندوتۆڵ كراونەتەوە گەشتە ئاسمانی و زەمینییەكان ڕاگیراون و قەدەغەی هاتووچۆ ڕاگەیەندراوە بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو كۆچی گەنجان و هاووڵاتیان زیاتری كردووە بەجۆرێك تەنیا لەمساڵ زیاد لە 31 هەزار هاووڵاتیانی گەیشتونەتە وڵاتانی ئەوروپی و داوای مافی پەنابەرییان كردووە و دەیان هەزار هاووڵاتیش لە توركیا و دورگەكانی یۆنان ماونەتەوە و هێشتا نەگەیشتوون بە وڵاتانی ئەوروپا ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە كۆچكردن هەر بەردەوامی هەیە.

سەرۆكی دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران ئەوەشی خستەڕوو، لەو 31 هەزارەی كە ئەمساڵ لە عێراقەوە كۆچیان كردووە نزیكەی 14 هەزاریان هاووڵاتیاتی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانن پارێزگای دهۆكیش زۆرترین هاووڵاتی تیایدا كۆچی كردووە بەڵام دواجار لە وڵاتانی دەرەوە بە هاووڵاتی عێراقی ئەژمار دەكرێن، بە شێوەكی گشتیش لەماوەی كەمتر لە پێنج ساڵدا 562 هەزار و 293 كەس عێراق و هەرێمی كوردستانیان جێهێشتووە لەو ژمارەیەش 413 كەس بوونەتە قوربانی بەجۆرێك 242 كەس گیانیان لەدەستداوە و 171 كەس بێسەروشوێن بوون.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this