حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەکەن بۆ زێدی خۆیان

0
418

SNNـ بڕیار محەمەد 

هەردوو حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاستی باڵادا بۆ داڕشتنی پلانی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پێویست بە کەمپ و خێوەتەکان لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە هەوڵیر کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرد و خالد بەتال نەجم وەزیری پلاندانانی عێراق و ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، نەینەوا و کەربەلا و ئەندامانی لیژنەکانی کارکردن لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان و دابینکردنی پێداوستییەکان بۆیان بەشداربوون، گفتوگۆ کرا لەسەر داڕشتنی پلان و بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ چارەسەری کێشە و گرفتەکانی ئاوارەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

دوای کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هەریەک لە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری پلان دانان و کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەرئەنجامی گفتوگۆکانیان بۆ میدیاکان خستە ڕوو.

وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “کۆبوونەوەیەکی ئاسایی بوو، گفتوگۆیەکی زۆر راشکاو و دۆستانە سازکرا بۆئەوەی چۆن بتوانین ئەو کێشە و گرفتانەی لە کەمپەکان هەن، رووبەڕوویان ببینەوە بۆ چۆنییەتی خزمەتگردنی باشتری خێوەتگای ئاوارەکان، لە هەمان کاتدا هەردوو حکومەت کار بکەن بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان و دابینکردنی خزمەتگوزاری پێویست بۆیان”.

وتیشی: “ئێمە لە هەرێمی کوردستان جەختمان لەوە کردەوە ئامادەیی تەواومان هەیە هاوکارێکی باشی حکومەتی فیدراڵی بین بۆ هاوکاریکردنی ئاوارەکان و گەڕانەوەیان، داواشمان لێکردن کە بەئەرکی خۆیان هەستن وەک حکومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئاوارەکان لە کەمپەکاندا بەتایبەت پێداویستییە تەندروستییەکان و سوتەمەنی و پێداویستی ژیانی رۆژانە و خوێندن و هەموو ئەو پێداویستییانەی کە پێویستە وەک حکومەتێکی بەرپرسیار بۆ هاوڵاتییەکانی خۆی دابین بکات”.

راشیگەیاند “هەموو ئەم داواکارییانە رووبەڕووی حکومەتی فیدراڵی کرانەوە و ئەوانیش بە سوپاسەوە بەڵێنیان داوە کە کۆبوونەوەیەکی دیکە لە بەغدا بکرێت و پارێزگارەکانی هەرێمی کوردستان بچن لەوێ بە تێروتەسەلی تەواوی داواکارییەکان بخەنە بەردەستیان بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستی لێ بدرێت”.

دەربارەی ئاستی هاوکارییەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئاوارەکان رێبەر ئەحمەد رایگەیاند “ئێمە نیگەرانین لە جۆر و ئاستی ئەو هاوکارییانەی بۆ ئاوارەکان دێت لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بە حکومەتی عێراق و یوئێن و رێکخراوەکان %30 پێداویستییەکانی ئاوارەکانیان دابین کردووە بەشەکەی دیکەی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە سەرباری ئەو بارە ئابوورییە سەختەی لەسەرمانە کە ئەمە باری سەرشانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی زۆر قورس و گران کردووە، بەڵام ئەوان نیگەرانییەکەی ئێمەیان قبوڵکرد و بەڵێنیانداوە هاوکارییەکی زیاترمان بکەن”.

خالد بەتال نەجم وەزیری پلاندانانی حکومەتی عێراق، رایگەیاند “ئێمە لە حکومەتی عێراق بە وردی چاودێری بارودۆخی ئاوارەکان دەکەین بۆ ئەوەی چۆن بتوانین خزمەتگوزاریی پێویستیان پیشکەش بکەین و کاربکەین بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، ئەوەی ئێستا هەیە لەو ناوچانەی خەڵکەکەی ئاوارەبوون زیاتر کێشەی خزمەتگوزارییە نەک ئەمنی، بۆیە هەوڵدەدەین چارەسەری خێرایان بۆ بکەین، جگە لە هەندێ ناوچە کە کیشەی ئەمنی تێدایە”.

وتیشی: “دۆخی ئەمنی بەشێوەیەکی گشتی سەقامگیرە هیچ مەترسییەکی ئەوتۆ نییە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەردەوام کاری لەسەر دەکەن و هاوئاهەنگی لەنیوان خۆیاندا دەکەن بۆئەوەی کۆنترۆڵی بارودۆخی ئەمنی بکەن بەشێوەی دروست”.

وەزیری پلاندانانی عێراق راشیگەیاند “ئێستا ئاستی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان زۆر باشە، لە هەندێک شوێن لەسەدا 90 یان گەڕاونەتەوە تەنانەت لە هەندێک شوێن ئاستی گەرانەوەی ئاوارەکان بەرزترە و لە سەدا 99 یە، هەندێ لەمپەر هەیە لەبەردەم رێگای  گەڕانەوەی ئاوارەکان ئەویش ئەمنی نین، بەڵکو کیشەی خزمەتگوزارین، هەندێک کێشە لە هەندێک ناوچە هەن ئەوانیش لایەنە پەیوەندیدارەکان کاری لەسەر دەکەن لە حکومەتی فیدراڵی و تەنانەت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بەڵام لەڕووی ئەمنییەوە تاوەکو ئێستا هیچ کیشەیەک نییە بەتایبەت لە دیالە و سەلاحەدین بەشێوەیەکی گشتی دۆخی ئەمنی سەقامگیرە خەڵکیش ژیانی خۆیان بە ئاسایی بەڕێوەدەبەن”.

دەربارەی دۆخی ئاوارەکانیش وتی: “ئاوارەکان بەگشتی بەسەر چەند گروپێکدا دابەشبوون، هەندێکیان کیشەی ئەمنییان هەیە بەشێکی دیکەشیان کیشەی کۆمەڵایەتییان هەیە هەندێکی دیکەشیان پێیان باشە لەنێو کەمپەکان بمێننەوە نەک بگەڕێنەوە، بەڵێ هەندێک ناوچە هەن لە رووی خزمەتگوزاری کیشەیان هەیە بەنموونە لەناوچەی مولتەقا لە کەرکوک کە ناوچەیەکی تەواو خاپوور کراوە، بۆ نموونە شنگال هیچ خزمەتگوزارییەکی تێدا نییە و هەندێک ناوچەی دیکەش بە هەمان شێوە، بۆیە بارودۆخی ئاوارەکان و هۆکارەکانی نەگەڕانەوەشیان جیاوازە”.

راشیگەیاند “ئێستا پلانێکی نیشتمانی هەیە کاری بۆ دەکەین لە قۆناغی کۆتاییدایە ئەویش دیاریکردنی هۆکارەکانی نەگەڕانەوە و ئەمانەشمان هەمووی پۆلێنکردووە لەسەر ئاستەکان، لەلایەکی دیکەشەوە ژینگەیەکیان بۆ دروستدەکەین بۆئەوەی کە نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان بۆ ئێستا بە ئاسایی بژین”.

دواتریش ئیڤان فایەق وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند “پلانی چەند لایەنەمان هەیە ئێمە وەک وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران کاری بۆدەکەین، ئەویش داخستنی کەمپەکان و خێوەتگەکانە لەسەر سێ قۆناغی جیاواز، یەکەمیان لە بەغدا و کەربەلا پێنج کەمپ دادەخرێت، قۆناغی دووەم 15 کەمپ دادەخەین و لە قۆناغی کۆتاییشدا 16 کەمپ دەبێت کە لە هەرێمی کوردستاندان و دایان دەخەین”.

تیشی: “ئەوانەی قۆناغی یەکەم زۆر ئاسانن هەندێک ئاڵنگاری هەیە، بەڵام دەشێت چارەسەر بکرێت بە شێوەیەک لە شێوەکان، بەڵام کەمپەکان ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانن کیشەیان هەیە بۆ نموونە ئەوەی شەنگال گرفت و ئاڵنگارییەکی زۆریان لەبەردەمدایە ئەمە  پێویست بە کارێکی ئێجگار زۆر دەکات بۆ داخستن و تەواوکردنی کارەکان بۆیان”.

دەربارەی کاتی داخستنی کەمپەکان و جێبەجێکردنی پلانەکەشیان وتی: “ئێمە زەمەن بەندییەکمان بۆ داناون، پێنج کەمپەکەی قۆناغی سەرەتا لە 21ی ئەم مانگە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دادەخرێن، لە سەری ساڵی داهاتوو تاوەکو یەکی ئازار قۆناغی دووەم جێبەجێدەکەین، بەڵام بۆ قۆناغی سێهەم و کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بەراستی کاتمان دانەناوە تاوەکو ئێستا، چونکە کاری زۆر دەوێت”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this