لە نۆ مانگی ئەمساڵدا 300 شوێن داخراون و 175 جێگەش بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە

0
113
هەولێر

SNN – بریار محەمەد

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕێگەی تیمەكانی پشكنین و بە داواداچوون و بەهەماهەنگی دەزگا پەیوەندیدارەكان، لە بەردەوامیی هەڵمەتەكانیان بۆ دڵنیابوون لە كوالیتی و نرخ و جێبەجێكردنی ڕێنماییە تەندروستییەكان لە نۆ مانگی ڕابردووی ئەمساڵ 2020 دا نزیكەی هەزار شوێنیان بەسەركردووەتەوە.

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە SNNی راگەیاند “لیژنەكانی پشكنین و دڵنیایی جۆری لە سەرجەم پارێزگاكان لەناو شار و قەزا و ناحیەكان بەداداچوونی شوێنەكانی (پێداویستی پزیشكی، دەرمانخانە، كۆگای دەرمان، نەخۆشخانە، سەنتەرەكان، نۆرینگەكان، كۆمەڵگاكانی پزیشكی، كارگەی بەرهەمهێنانی پاككەرەوە) و ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە كەرتی تەندروستییەوە هەیە، کردووە، ئەو مۆڵانەی پێداویستی پزیشكییان لێدەفرۆشرێت، گەڕان و پشكنین بەهەماهەنگی دامودەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ زۆربەی ئەو شوێنانە كراوە، لە ئەنجامدا بەهۆی پابەند نەبوونیان 300 شوێن داخراوە، 175 شوێن بەهۆی كەموكوڕی بەڵێننامەیان پێ پڕ كراوەتەوە، 65 شوێن سزای پێبژاردنیان بۆ كراوە و 53 شوێن بە فەرمانی وەزارەت داخراون”.
وتیشی: “بەدواداچوون بۆ چەند كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردن و بەرهەمهێنانی مەوادی پاككەرەوەی دەست و پاككەرەوەی ناوماڵ كرا كە پابەندی ڕێنماییەكان نەبوون، بۆیە شوێنەكانیان داخران و بەڵێننامەیان لێ وەرگیرا و سزای پێبژاردنیشیان بۆ كراوە”.
هاوکات لیژنەكان بەردەوام بوون لە سەردانكردنی گشت نەخۆشخانە ئەهلییەكان بە مەبەستی نەهێشتنی زیادەڕۆیی نرخی نۆرینگەكان و پشكنینی نەخۆش بە تایبەت سۆنار و بە فەرمانێكی وەزاری گشتاندن بۆ نەخۆشخانە تایبەتەكان كرا كە تایبەت بوو بەكەمكردنەوەی نرخی نەخۆشخانەكان بە ڕێژەی 25%.
ئەوەشی خستەڕوو، هاوكات هەر وەك ڕوونە لە ماوەی ئەو نۆ مانگەدا بەهۆی ڕاگرتنی دەوامی فەرمی حكومەت، لیژنەكان بە شێوەی خشتەی ئێشكگری كاریانكردووە و پشكنین و بەدواداچوونیان بۆ گشت شوێنە پەیوەندیدارەكان كردووە كە لەو ماوەیەدا چەند شوێنێك بەهۆی قۆستنەوەی دۆخەكە و كۆرۆنا و باری نائاسایی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان و جیهان هەستابوون بەگرانكردنی نرخەكانیان لە درێژەی پشكنینەكان بەهۆی ئەوەی سەرجەم دەرمانخانەكان ماسك دەفرۆشن و ناڕێكیی هەبوو لە سیستمی نرخ و لە هەر دەرمانخانەیەك بە نرخێك دەفرۆشرا، چەند ڕێنماییەكیان پێدراوە و لە ئێستادا نرخی ماسك بەگشتی جێگیرە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this