قەرزی کەڵەکەبووی سەر کۆمپانیاکان زیان بە حکومەت دەگەیەنێت

0
318
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و دراوى 10 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN- بریار محەمەد

 لە هەرێمی كوردستان بە سەدان كۆمپانیای گەورە لە بوارە جیاجیاكان هەیە و بواری شارەزایانی ئابوورییش ئەوەندەی كۆمپانیاكان قازانج دەكەن و ئەوەندە سودیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نییە، سەرۆكی لیژنەی دارایش لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت: كۆمپانیا هەیە 89 ملیۆن دینار قەرزاری حكومەتە و نایداتەوە .

دكتۆر محەمەد عەلی عوزێری شارەزای بواری ئابووری لە هەرێمی كوردستان بە SNNی راگەیاند: بێگومان ئەوەندەی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان قازانجیان هەبووە ئەوەندە سودیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبووە، هەرچەند هەندێك كۆمپانیا لە بواری نەوت و كارەبا لەگەڵ ئەوەی تێبینیشیان لەسەرە، بەڵام كەمێك سودیشیان هەبووە بۆ خەڵک.

وتیشی: بەشێك لە كۆمپانیاكان لەبەرئەوەی مۆڵەتیان لە حكومەتی عێراق وەرگرتووە، بۆیە لێرە هەرێمی كوردستان ئەوەندەی قازانج دەكەن ئەوەندە حكومەتی هەرێم قازانجیان لێ ناكات و هیچ داهاتێكیشیان بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان نەبووە.

لای خۆشیەوە زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت،  تێبینی زۆر لەسەر كۆمپانیاكان هەیە و باج و رسومات نادەنە حكومەت و كۆمپانیای بواری گواستنەوە هەیە ئێستا لە هەرێمی كوردستان بڕی 89 ملیۆن دینار قەرزاری حكومەتە و ئامادەش نییە ئەو بڕە پارەیە بداتەوە، زۆرینەی كۆمپانیاكانیش بەهۆی دەستڕۆیشتوویی بەرپرس و كار بەدەست لە پشتیانەوە ئامادەنیین هاوكاری حكومەت بكەن .

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تۆماری كۆمپانیاكان، تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ساڵی 2019 تێكڕای ژمارەی كۆمپانیا تۆماركراوەكان لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 30 هەزار و 99 كۆمپانیا، لەم ژمارەیەش 26 هەزار و 777 كۆمپانیا خۆماڵین و 3 هەزار و 322 كۆمپانیاش بیانین.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this