دوایین زانیاری لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار

0
2795

SNN-عەلی حەمە سەعید

دوێنێ‌ لە بازاڕەكانی ئاڵوگۆڕی دراو نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی 127 هەزار دیناری تێپەڕاند، ئەمەش وایكرد كە پێشبینی زیاتر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بكرێت، بەڵام بە وتەی شارەزایانی بوارەكە ئەو بەرز بوونەوەیە كاتی بوو پەیوەندی بە بانكی ناوەندی عێراقەوە هەیە و لەماوەی سێ‌ ڕۆژی ڕابردوو بڕێكی كەم دۆلاری خستە بازاڕەوە.

ڕێبوار محەمەد، خاوەنی یەكێك لە نووسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بە SNNی راگەیاند: سەر لەبەیانی ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلار بە 125 هەزار و 800 دینار مامەڵەی پێوە كراوە لەكاتێكدا دوێنێ‌ لەمكاتەدا نرخی 100 دۆلار 127 هەزار دیناری تێپەڕاندبوو، ئەو بەرزبوونەوەیەش پەیوەندی بە بانكی ناوەندی عێراقەوە هەیە، چونكە باس لەوەدەكرێت سیولەی نەقدی دۆلار لە بانكە حكومییەكانی عێراق كەم بووتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو گرفتە چارەسەر كراوە و بڕێكی زۆر دۆلار خراوەتە بازاڕەوە و نرخی دۆلار زۆر دابەزی.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ SNNی ڕوونكردەوە، رەنگە حكومەتی عێراقیش خۆی بیەوێت نرخی دۆلار بەرز بكاتەوە، چونكە عێراق زۆربەی مامەڵەكانی بە دۆلار ئەنجامدەدات، بۆیە ئەگەر بەشێوەیەكی كاتیش بێت بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار لەبەرژەوەندی حكومەتی عێراقیدا دەبێت بەو پێیەی نەوت بەدۆلار دەفرۆشێت، بەڵام مووچە بە دینار دابەشدەكات.

لەلایەكی دیكەوە هەر ئەمڕۆ 18/10/2020 بانكی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار ڕەتكردەوە و ئاماژە بەوەدەكات، نرخی دینار جێگیرەوە و سیاسەتە نەختینەكانی نەگۆڕاوە و زۆر ڕوون و شەفافە، یەدەگی دراوی بیانی لە بانكی ناوەندی هێندەهەیە كە بەپێی هەموو ئاماژە نێودەوڵەتییەكان ئەم قەیرانەی ئێستا تێدەپەڕێنێت كە وڵاتی تێكەوتووە.

ئەوە لەكاتێكدایە چەند ڕۆژێكە نرخی دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریكی ناسەقامگیری بەخۆیەوە بینی و نرخی 100 دۆلاری ئەمریكی گەیشتە 127 هەزار دیناری عێراقی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this