کێ باجی بایكۆتی دەوامی خوێندن و کەمتەرخەمی دەوامی فەرمانگەکان دەدات؟

0
1065

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێم بێباكی خۆی نەشاردووەتەوە لە ئاست داواكاری فەرمانبەران و مامۆستایان لە بارەی داواكارییەكانیان و پێدانی مافەكانیان، بەڵام تا دێت بایكۆتی دەوام لە دامودەزگا حكومییەكان و ناوەندەكانی خوێندن دەبێتە بابەتێكی ئاسایی و كەس خۆی بەخاوەنی نازانێت، بەڵام پسپۆڕانی بواری پەروەردە و كارگێری باس لە مەترسی ئەم بایكۆتی دەوامە دەكەن كە دەبێت كێ‌ باجەكەی بدات.

نەبیل حەمە ساڵح، شارەزا لە بواری كارگێڕی و ئیدارە، بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوەی لەم هەرێمە بەدیدەكرێت بەتایبەت لەڕووی بایكۆتی دەوام و دەوامنەكردنی فەرمانبەران لە هیچ شوێنێكی تر نمونەی نییە، ئەوەش بەهۆی بێباكی حكومەت و ئامادەنەبوونیەتی بە پێدانی مووچە و مافەكانی فەرمانبەران لە كاتی خۆیدا، بۆیە ئەمە وایكردووە كە فەرمانبەر بە ئارەزووی خۆی دەوام بكات و هیچ لێپرسینەوەیەك نەبێت و دواجار هاوڵاتی ئاسایی باجی ئەم كارە دەدەن، چونكە بە نمونە هاووڵاتییەك لە گەرمیانەوە دێتە سلێمانی بۆ راپەڕاندنی كارێك دەبینێت ئەو فەرمانبەرەی كارەكەی ئەو دەكات بایكۆتی كردووە بەناچاری دەبێت بگەڕێتەوە ڕۆژێكی دیكە بگەڕێتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی بەردەوامی ئەم بایكۆتە دیاردیەكی تر سەرهەڵداوە ئەویش ئەوەیە كە فەرمانبەر بە گوێی لێپرسراوی سەرووی خۆی ناكات، كاتێی پێی دەڵێیت دەوام بكەن دەڵێت موچەكە پێبدە، لەو لاشەوە حكومەت داوای دەوام لە فەرمانبەر دەكات بە بێ‌ ئەوەی هیچ جۆرە ڕێنماییەكی دەركردبێت بۆ لێپێچینەوە لەو كەسانەی كە دەوام ناكەن، بۆیە بە شێوەكی گشتی هاووڵاتی باجی ئەم بابەتە دەدەن و هەر ئەمەش وادەكات بۆ مەودایەكی درێژ دۆخەکە ئاسایی نەبێتەوە و بەجۆرێك لە جۆرەكان دەوام نەكردن بووەتە نەریت ئەمەش كارێكی زۆر خراپە.

یاسین عەلی، شارەزا لە بواری پەروەردە و فێركردن بۆ SNNی ڕوونكردەوە، مامۆستا یاخود فەرمانبەر مافی خۆیانە كە داوای مووچە و شایستە داراییەكانیان بكەن، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیەش بزانین كە دوو ساڵی ڕابردوو بۆ كەرتی پەروەردە و فێركردن زۆر خراپ بووە، هەموشمان بەڕوونی هەستی پێدەدەین، بەجۆرێك قوتابیمان هەیە لە پۆلی چوار یان پێنجی بنەڕەتیدایە نازانێت بە تەواوەتی ناوی خۆی بنوسێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە قوتابیانی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی ئاستیان زۆر خراپە لە ساڵانی داهاتوودا باجی ئەم بایكۆت و دەوام نەكرنە زیاتر دەدەن.

ئەوەشی خستەڕوو: دۆخێكی وەها خوڵقێندراوە نازانی لەگەڵ كێ‌ مامەڵە بكەین بە كێ‌ بڵێن دەوام بكە، بە كێ‌ بڵێین مافەكانمان بدەن، لەگەڵ بەرپرسانی حكومەت قسەدەكەین ئەوان لە ئێمە بە گلەیی ترن، لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران گفتوگۆدەكەین ئەوان خۆیان بە مافخوراو دەزانن لەم نێوەندەدا هاووڵاتیان بەگشتی و قوتابیان بە تایبەت باجی ئەم دۆخە دەدەن، كە مەرج نییە لە ئێستادا كاریگەری هەبێت بەڵكو دەبینین لە ساڵانی داهاتوودا چ كارەساتێك بەرۆكی قوتابیانی گرتووە و چەندە دواكەوتوون لە فێربوون و وەرگرتنی وانەكانیان.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this