سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی “زۆر حەزدەكەین پەیوەندیەكانمان لەگەڵ یەكێتی بەهێزتر بكەین”

0
383

SNN-عەلی حەمە سەعید

سەركردەیەكی بزوتنەوەی ئیسلامی كە پێدەچێت خۆی بۆ پۆستی ڕابەری گشتی بزوتنەوەی ئیسلامی كاندید بكات ئاماژە بەوەدەكات، ئەو وادەیەی كە دیاركراوە بۆ بەستنی كۆنگرە وادەیەكی باش نییە و هەوڵەكانمان دەستپێكردووە بۆ ئەوەی بۆ چەند مانگێك دوای بخەین، دەشڵێت زۆر حەزدەكەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هێزتر بكەین.

ئیحسان عەلی عەبدولعەزیز، سەركردەی دیاری ناو بزوتنەوەی ئیسلامی و برای ڕابەری گشتی ئێستای بزووتنەوە بە SNNی ڕاگەیاند: ئێمە تێبینیمان هەیە لەسەر ئەو وادەیەی كە دیاركراوە بۆ بەستنی كۆنگرەی حزبەكەمان كە 1/11/2020 دیاریكراوە، چونكە هێشتا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەردەوامی هەیە و هاوكات وەك ڕێزێكیش بۆ ئەو سەركردە و بەرپرس و ئەندامانەی بزوتنەوەی ئیسلامی كە لەم ماوە نزیكەدا بەهۆی كۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ماوەی چەند مانگێك بەستنی كۆنگرە دوابخرێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە هەوڵەكانمان لەگەڵ مەڵبەندەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی دەستپێكردووە و زۆرێك لە مەڵبەندەكانیش هەمان بۆچوونی ئێمەیان هەیە.

ئاماژەی بەوەشكرد: “من پێم باشە كۆنگرەی بزووتنەوە لەم دەڤەرە بگیرێت بە تایبەت لە شاری هەڵبجە نەك لە شاری هەولێر، هاوكات پێم باش نییە وشەی (ڕابەری گشتی) لەناو بزوتنەوەی ئیسلامی بمێنێت بەڵكوو یان (سكرتێر) یاخود (سەرۆك) جێگەی ڕابەری گشتی بگرێتەوە، هاوكات ئێمە لەبەرپرسیارێتی ڕاناكەین و ئەگەر لە كۆنگرە تەكلیفمان لێكرا بۆ ئەوەی ئەو پۆستە وەرگرین ئامادەین ئەو بەرپرسیارێتییە بخەینە سەرشانی خۆمان”.

ئەو سەركردەیەی بزوتنەوەی ئیسلامی ئەوەشی خستەڕوو: ئێمە بەرنامەیەكی چڕمان هەیە بۆ سەردانیكردنی هەموو دەڤەرەكان بۆ ئەوەی ئەندامان و لایەنگرانمان ڕۆشنبیر بكەینەوە كە بتوانین لە كۆنگرە كەسانێكی باش و بەتوانا هەڵبژێرن و بزوتنەوەكەمان گەنج بكەینەوە، دەشمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەو لایەنانەدا زیاتر پتەوبكەین كە ئەندامانی ئێمەی زیاتر لێیە.

جەختی لەوەشكردەوە: ئێمە كارێكی وادەكەین كە لەم دەڤەرەدا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتیی نشتمانیی كوردستان زیاتر پەرە پێبدەین، بۆ ئەو مەبەستەش زۆر حەزدەكەین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتیی نشتمانیی كوردستان زیاتر بەهێز بكەین، چونكە لە ئێستادا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی وەك پێویست نییە، بۆیە دەمانەوێت بەهەموو شێوەیەك وانە لەو مێژووە كۆنە وەربگرین و لە هەموو ئاستەكاندا پەیوەندییەكانمان لەگەڵ یەكێتی بەرەو پێش بەرین، بۆ ئەو مەبەستەش دەمانەوێت بزوتنەوەی ئیسلامی بگەڕێنینەوە ڕێڕەوە راستەقینەكەی خۆی كە دژی ئەو زوڵم و ستەمەیە لە هەرێمی كوردستان دەگوزەرێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەسەڵاتداری یەكەمە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this