“دەستپێكردنەوەی خوێندن پێویستی بە بڕیاری عەمەلی هەیە وبڕیاری سەر كاغەز هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت”

0
215

SNN- عەلی حەمە سەعید

لەگەڵ زیاد لە 20 ڕۆژە وەزارەتی پەروەردە وادەی دەستپێكردنەوەی خوێندنی پۆلی 12ی ئامادەیی ڕگەیاندووە و ماوەی 10 ڕۆژیشە پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی دەستپێكردووە، بەڵام لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە مامۆستایان و قوتابیان نەچوونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەییش باس لە هۆكارەكانی دەستپێنەكردنەوەی خوێندن دەكەن”.

موسلیم عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كودستان بەSNNی ڕاگەیاند: جێگەی نیگەرانی ئێمە كە ساڵانە مامۆستایان لەكاتی دەستپێكردنەوەی دەوام بەشێوازی جۆرۆاو جۆر سوكایەتیان پێدەكریت موچەین پێنادرێت لەكاتی خۆیدا بەشێك لە مووچەكانیان دەبڕدرێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی پێداویستییەكانی پرۆسەی پەروەردەش لەلایەن حكومەتەوە دابینناكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمساڵ سیستەمی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی هێندراوەتە كایەوە كە مامۆستایان پێی ڕازی نین.

ئاماژەی بەوەشكرد، شكستی پەروەردە و فەوتانی خوێندنی قوتابیان لە قۆناغە جیاوازەكان دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت، چونكە كاتێك مامۆستایان ئامادەن بگەرێنەوە هۆڵەكانی خوێندن و ئەركەكانیان جێبەجی بكەن و نەوەكانمان فێر بكەن، بەڵام لە بەرامبەردا حكومەت ئامادەنییە مافەكانیان دابین بكات ئەمە ئەوە دەخاتە ڕوو كە حكومەت بۆخۆی هۆكارە كە كەرتی پەروەردە شكست بهێنێت و ساڵێكی خوێندنی قوتابیان بەفیڕۆ بڕوات بەڵام ئێمە لیژنەكەمان هەرگیز ئەمەمان قەبوڵ نەكردووە و ناشی كەین.

جەمیل قادر، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی و شارەزا لە كاروباری پەروەردە بۆ SNN ی ڕوونكردەوە، ئەو وادانەی كە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان یاخود یونسێف دای دەنێن بۆ ئەوەی كە ماوەی دوو مانگ یان هەر وادەیەكی تر خوێندن دەستپێنەكاتەوە ئەو ساڵە هەژمار ناكرێت، ناتواندرێت ئەمە لەسەر خوێندنی ناوخۆیی جێبەجێ‌ بكرێت بەڵام دەكرێت بۆ زانكۆكان یاخود ناوەندە نێودەوڵەتیەكان كاری پێبكرێت، بۆیە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان دەگەوزەرێت لە ئەگەری زیاتر شكستهێنانی پرۆسەی پەروەردە دەكەوێتە ئەستۆی حكومەت، چونكە مامۆستایەك لە توانایدا نییە بە گیرفانی خاڵی بە ئۆتۆمبێل هاتووچۆ بكات و مووچەشی پێنەدرێت.

ئەوەشی باسكرد، “ئەو بڕیارانەی كە لە ژورێكی فێنكی هەولێرەوە دەردەچن بڕیارێكی كۆنكرێتی نین و بەجۆرێك لە جۆرەكان فشارن لەسەر مامۆستایان بۆ ئەوەی بە فرسەتی دەزانن كە ئێستا مووچە دابەشكراوە بەڵکو مامۆستایان بگەڕێنەوە هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام ئەوەی تێبینی كراوە مامۆستایان ئامادەنین واز لە داواكارییەكانیان بهێنن كە دابینكردنی مووچەیە لە 30 ڕۆژ جارێك، بۆیە دەستپێكردنەوەی خوێندن پێویستی بە بڕیاری عەمەلی هەیە وبڕیاری سەر كاز هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، واباشتر وەزارەتی پەروەردە و حكومەتی هەرێم بیر لەچارەسەر كردنی گرفتەکان بكەنەوە لە بری ئەوەی بڕیار دەردەكەن كە قابیلی جێبەجێكردن نییە”.

ئەو سەرپەرشتیارە پەروەردەییە ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر حكومەت و وەزارەتی پەروەردە بیانەوێت بەزۆر پرۆسەی خوێندن دەستپیبكەنەوە ئەوا دەكرێت بەشێوەیەكی شكڵی شتێك بەڕێوەبچێت، بەڵام بۆ ئاینەدەی ئەم وڵاتە هیچ جۆرە بەهایەكی نابێت ئەو جۆرە خوێندنە،چونكە من سەرپەرشتیارێكم ئامادەنیم لەگەڵ مامۆستایاندا بەجۆرێك هەڵسوكەوت بكەم كە لەگەڵ مافەكانیدا یەكنەگرێتەوە بەهەمان شێوە بەڕێوەبەرەكانیش ئامادەنین بەم دۆخەوە فشار لەسەر مامۆستایان دروست بكەن بۆیە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن پێویستی بە بڕیاری خەرجكردنی مووچە هەیە لەكاتی خۆیدا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this