زانكۆی هەڵەبجە لە رێبەری زانكۆكانی عێراق ناوی تۆماركرا

0
87
تابلۆى سه‌رۆكایه‌تى زانكۆى هه‌ڵه‌بجه‌ | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
بۆ یەكەمجار وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق ناوی زانكۆی هەڵەبجەی شانبەشانی زانكۆكانی دیكەی عێراق لە رێبەری زانكۆكانی عێراق تۆماركرد، سەرۆكی زانكۆكەش ئەم هەنگاوە بە گرنگ وەسف دەكات.

د. مهاباد كامیل، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “دوای هەوڵێكی زۆری مامۆستایان و سەرۆكی زانكۆ و لایەنە حزبی و حكومی و كەسانی دڵسۆز بە هەڵەبجە، خۆشبەختانە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی عێراق زانكۆی هەڵەبجەی لە رێبەری زانكۆكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ خوێندنی ساڵی 2020 بۆ 2021 تۆماركرد، قوتابیان دەتوانن لە سەرتاسەری عێراق ناوی خۆیان بۆ خوێندن لە بەشە جیاوازەكانی زانكۆكه‌ تۆمار بكه‌ن”.

وتیشى: “ئەم هەنگاوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراق گرنگی خۆی هەیە، چونكە خوێندكارانی وەرگیراو لە بەشە جیاوازەكانی زانكۆكەمان دوای تەواوكردنی خوێندن بڕوانامەكانیان لە هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان دانپێدانراودەبێت، ئەمەش كاریگرەی باشی دەبێت لەوەی لەداهاتوودا هەوڵی زیاتر بدەین بۆ بەرەو پێشبردنی زیاتری زانكۆ و كردنەوەی بەش و كۆڵیژی جیاواز”.

زانكۆی هەڵەبجە یەكێكە لە زانكۆ حكومیەكانی هەرێمی كوردستان كە بە فەرمانی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (1670) لە بەرواری 8ى ته‌مموزى 2010، بەپێی بڕگەی یەكەمی ماددەی حەوتەم لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلایەن كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بڕیاری دامەزراندنی بۆ دەرچووە.

لە ئێستادا لە شەش كۆلێژ و یەك بەش پێكهاتووە كە بریتین لە كۆلێژه‌كانى: پەروەردەی بنەڕەت، كۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەكان، كۆلێژی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەكان، كۆلێژی زانست، بەشی ئەندازیاری، كۆلێژی پەروەردەی شارەزوور، كۆلێژی یاسا و كارگێڕی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this