“تا كۆتایی 2021 نرخی نەوت بەرزنابێتەوە و ئابووری عێراقیش زیاتر پاشەكشە دەكات”

0
307
كێڵگه‌یه‌كى نه‌وت له‌ عێراق | فۆتۆ: AFP/Getty Images

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا بەهۆی ناجێگیرى نرخی نەوت عێراق رووبەڕووی گرفتی ئابووری بووەتەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ده‌ڵێت: “تاوه‌كو كۆتایی ساڵی 2021 نرخی نەوت لە دەوروبەری 45 دۆلاردا دەمێنێتەوە و ئابووری عێراقیش زیاتر بەرەو پاشەكشە دەڕوات”.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “راستە زیاتر %80ی داهاتی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوتە، بەڵام ئەوەی بەدواداچوونمان بۆ كردووە ئەوەیە، نرخی نەوت تاوه‌كو كۆتایی ساڵی 2021 لەم ئاستەی ئێستادا دەمێنێتەوە، 45 دۆلار ده‌بێت هەندێك جاریش 50 تا 55 دۆلار دەڕوات، بەڵام لەو نرخە زیاتر بەرزنابێتەوە، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ ناوبه‌ناویش بەرەو نزمبوونەوه‌ بڕوات”.

وتیشى: “ئابووری عێراق لە ئێستادا لە پاشەكشەدایە، بۆیە تاوه‌كو كۆتایی ساڵی 2021 كە نرخی نەوت هەر لەم ئاستەی ئێستادا دەمێنێتەوە زیاتر بەرەو پاشەكشە دەڕوات، بۆیە قەرزكردنیش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان هیچ چارەسەرێكی زانستی نییە و بگرە باری سەرشانی عێراق زیاتر قورستر دەكات”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: “تاكە چارەسەر لەبەردەم حكومەتی عێراقی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە ئەوەیە كە دەبێت بەبێ‌ دوودڵی چاكسازی لە فۆرمی ئابووری عێراق رابگەیەنێت و چاكسازی لە كەرتە جیاوازەكان بكرێت “.

بەڕای شارەزایانی بواری ئابووری بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی كە عێراق نەتوانێت پێداویستییەكانی لە مووچەی فەرمانبەران و ئەنجامدانی پرۆژەی خزمەتگوزاری دابینبكات، دواجار هەر ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی، جارێكی دیكە گرفت بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان دروستببیتەوە و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانیش رووبەڕووی دواكەوتن و لێبڕینی زیاتر ببێتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this