بەردەوامی قەیرانی دارایی و سیاسی كازمی گەیاندە ئەوروپا

0
59

SNN-عەلی حەمە سەعید
ماوەی چەند ڕۆژێكە سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەردانێكی فەرمی ڕووی لە چەند وڵاتێكی ئەوروپی كردووە، ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات بەردەوامی قەیرانی دارایی و سیاسی وای لە سەرۆكوەزیران كرد رێی ئەوروپا بگرێتەبەر، هاوكات زۆریش ئەستەمە بتوانێت واز لە پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بهێنێت.

دانا شەهید جەزا، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەSNNی ڕاگەیاند: لە ئێستادا عێراق بەقۆناغێكی زۆر هەستیار و قورسدا تێدەپەرێت و پێویستیەكی زۆری بە پاڵپشتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكا هەیە بەتایبەت لە بوارەكانی دارایی سیاسی ئەمنی، بۆیە ئێستاش سەرۆكوەزیرانی عێراق ناچار بووە سەردانی وڵاتانی ئەوروپی بکات بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی دارایی و سیاسی، لەبەرامبەر ڕەخساندنی زەمینەسازی بۆ هاتنی كۆمپانیا ئەوروپییەكان بۆ وەبەرهێنان لەبواری وزە و سامانە سروشتیەكاندا.

ئاماژەی بەوەشكرد: بەگشتی پاڵپشتی وڵاتانی ئەوروپی و ئەمەریكا بۆ عێراق زۆر گرنگە، بەڵام بێگومان ئەو وڵاتانەش مەرجی تایبەت بەخۆیان هەیە لەسەروو هەمویانەوە ئەوەیە كە دەبێت سەقامگیری ئەمنی لە عێراق بێتە كایەوە هاوكات دەبێت دادگاش سەربەخۆ بێت لەكاتی دروستبوونی كێشەیەك لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەی كە دێنە عێراق، بەڵام ئێمە چاوەڕێی ئەنجام دەكەین بزانین عێراق چی دەكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لەڕووی پاڵپشتی سیاسییەوە وڵاتانی ئەوروپی خوازیاری ئەوەن كە عێراق دوور بكەوێتەوە لە ئێران، بۆ ئەوەی كە عێراق خاوەن سەروەری و بڕیاری خۆی بێت نەك لە دەرەوە بڕیاری لەبارەوە بدرێت، بۆیە ئەگەر عێراق هەر لە ئێران نزیك بێت ئەوا وڵاتانی ئەوروپیش پاڵپشتیان بۆ عێراق كەم دەبێت بەڵام لەبەرامبەریشدا عێراق بەرژەوەندی لەگەڵ ئێراندا هەیە و ناتوانێت بەئاسانی واز لەو بەرژەوەندییانە بهێنێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this