میدیای ئیسرائیل: قەتەریش پەیوەندییەکانی لەگەڵ تەلئەبیب ئاساییدەکاتەوە

0
53

SNN

کەناڵی 13ی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە کە ئەو دەوڵەتەی لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییدەکاتەوە، حکومەتی قەتەر دەبێت.

لە راپۆرتێکیدا کەناڵەکە ئاماژەی بەوەداوە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە 5 دەوڵەت ئامادەن لەگەڵ ئیسرائیل رێککەوتن بکەن، پرسیار هاتە ئاراوە لەبارەی ناوی ئەو وڵاتانە.

کەناڵەکە دەشڵێت: “قەتەر وڵاتی داهاتووە و نزیکترین دەوڵەتە دوای سودان کە بێتە ناو رێککەوتنی ئاساییکردنەوە و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ داهاتوو بە ئاڕاستەی دەوحەیە”.

بەگوێرەی راپۆرتی ئەو کەناڵە، گەر رێککەوتن لەگەڵ قەتەر بکرێت شتێکی باشە، چونکە بەوپێیەی دەوحە پشتیوانیی حەماس و ئیخوان موسلیمین دەکات، رەنگە کاریگەریی هەبێت بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی غەززەش.

بەگوێرەی زانیارییەکان، گەر دەوحە بێتە ریزەوە، رەنگە لە گرێبەستی کڕینی فڕۆکەی جەنگیی F-35 سوودمەند بێت، چونکە چاوەڕێشدەکرێت ئیمارات و ئەمریکا هەمان هەنگاو بنێن.

دوێنێش جەد دێرێ، هاوکاری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، “سودان و ئیسرائیل رازیبوون بە دروستکردنی پەیوەندیی دیپلۆماسیی نێوانیان، ئەوەش هەنگاوێکی گرنگی دیکەیە بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.

کۆشکی سپی وتوویەتی: حکومەتی سودان بە بڕی 335 ملیۆن دۆلار قەرەبووی قوربانیان و کەسوکاری قوربانیانی تیرۆر دەکاتەوە.

رۆژی 13ی ئابی رابردوو هەریەک لە ئیسرائیل و دەوڵەتی ئیمارات رێککەوتننامەیەکیان واژوو کرد بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان، نێردەی سەرۆکی ئەمریکاش بۆ ئاشتی لەو دەمەدا رایگەیاندبوو “رێککەوتننامەکە دەبێتە دێوەزمەیەک بۆ ئێران”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this