ڕێزان شێخ دلێر: حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ بۆ كاندیده‌ پیاوه‌كان كۆده‌كه‌نه‌وه‌

0
68
ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

SNN – عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا گەرەنتی ئەوە كراوە %25 ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژنان دەبن، بەڵام ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی حزبەكان لەبری ئەوەی دەنگ بۆ ژنان كۆبكەنەوە بۆ پیاوانی كۆبكه‌نه‌وه‌.

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “بەهۆی ئەوەی كێشە و گرفت لەنێوان كوتلە سیاسییەكانی عێراق بەردەوامی هەبوو لەسەر شێوازی دابەشكردنی بازنەكان، لەسەر ئەوە رێككەوتن كە كۆتای ژنان بكرێتە پێوەر بۆ دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن هەر شارێك چەند بازنەی هەڵبژاردنی هەیە دەبێت ئەوەندە ژن كاندید بن، بە نمونە پارێزگای سلێمانی 18 كورسی هەیە و دەبێت پێنج كۆتای ژنی هەبێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ كراوە بە پێنج بازنەی هەڵبژاردن”.

وتیشى: “بەپێی یاسا دەبێت لە %25 ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژنان پێكبێن، ئەمە بۆ هەڵبژاردەكانی داهاتوو گەرەنتی ئەوە كراوە كە ژنان لە 100 كورسی 25 كورسی بەدەست دەهێنن، بۆیە ئەمە وادەكات كە حزبە سیاسیەكان زۆر بیریان بەلای ژنانەوە نەبێت بۆ ئەوەی دەنگی بۆ كۆبكەنەوە، بەڵكو لە خەمی پیاوەكاندا دەبن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ چونكە ئەوە دەزانن كە ژنەكان گەرەنتی كراون بچنە پەرلەمان”.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو: “لەم خولەی پەرلەمان 86 پەرلەمانتاری ژنمان هەیە، لە كاتێكدا بە گوێرەی رێژەی %25 دەبوو 83 پەرلەمانتاری ژن بن، هاوكات 18 ژنی پەرلەمانتار بەدەنگی خۆمان هاتوینەتە پەرلەمان، بەڵام دواجار لەسەر كۆتای ژنان هەژماركراوین، بۆیە پێشبینی ناكەم كە بۆ خولی داهاتوو كورسییەكانی ژنان لە 83 كورسی زیاتر بكات، چونكە حزبە سیاسیەكان هەوڵی كۆكردنەوەی دەنگ بۆ پیاوەكان دەدەن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this