بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە: هێشتا دڵنیانین كەی دەرگای قوتابخانەكان بەتەواوی دەكرێنەوە

0
68
قوتابخانەیەکی هەر‌ێم

SNN-عەلی حەمە سەعید
لەگەڵ ئەوەی ماوەی نزیكەی مانگێكە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریداوە بە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان بەڕووی خوێندكارانی پۆلی 12 و هاوكات زیاد لە دوو هەفتەشە لە هەولێر و دهۆك قوتابیانی پۆلی یەك و دوو دەستیان بە خوێندن كردووەتەوە، بەڵام هێشتا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە خوێندن دەستی پێنەكردووە و بڕیاردەری لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانیش دەڵێت: “هێشتا دڵنیانین كە دەرگای قوتابخانەكان كەی بەتەواوی دەكرێنەوە”.

گەلاوێژ عوبێد، بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند: بەردەوامی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بەجۆرێكە كە نازانین پرۆسەی خوێندن بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێت، بۆیە ئێمە لە لیژنەكەمان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخەتین بۆ ئەوەی بەهەموو لایەك بتوانین بڕیارێكی گونجاو لەبەرژەوەندی گشتی بدەین بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن.

ئاماژەی بەوەشكرد، دەبێت وەزارەتی تەندروستی هەڵسەنگاندنی تەواوەتی بۆ دۆخەكە بكات، پاشان وەزارەتی پەروەردە لە ئەنجامەكان ئاگادار بكاتەوە، دواتر بڕیار بدرێت ئاخۆ دەستبكرێتەوە بە پرۆسی خوێندن یاخود ئەو پۆلانەشی كە خوێندنیان دەستپێكردووە دابخرێن، بۆیە هێشتا بەرچاومان ڕوون نییە دۆخەکە بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێت.

وتەكانی بڕیاردەری لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پەرلەمان لەكاتێكدایە كە، بەرلە چەند ڕۆژێك ( د. ئاسۆ حەوێزی) وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی بە SNN ڕاگەیاند: كە لە دوای كردنەوەی قوتابخانەكان بۆ خوێندنی پۆلی 12 ی ئامادەیی و پۆلەكانی یەك و دووی بنەڕەتی، چەندین مامۆستا و قوتابی تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بۆیە تا كۆتایی ئەم مانگە ڕاپۆرتێك ئامادە دەكەین لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بڕیاری ئەوە دەدرێت كە ئەو پۆلانەی كراونەتەوە دابخرێن یاخود شێوازێكی نوێ‌ بگیرێتە بەر بۆ پرۆسەی خوێندن.

ئەوە لە كاتێكدایە كە هێشتا زۆربەی زۆری قوتابخانە و خوێندنگاكانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی دەستیان بەپرۆسەی خوێندن نەكردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی مامۆستایانی ئەو دوو پارێزگایە داواكارن كە حكومەت و وەزارەتی پەروەردە بەڵێنی ئەوەیان پێبدات كە 30 ڕۆژ جارێك مووچە لەكاتی خۆیدا خەرج بكات و پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایانیش دەستپیبكاتەوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this