ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم: چەند هێرشێکی تیرۆرستیمان پوچەڵکردووەتەوە

0
37

SNN

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی ئاشکراکرد کە ژمارەیەک “هێرشی تیرۆرستی”پووچەڵکردووەتەوە و ژمارەیەک گومانلێکراویشی دەستگیرکردووە.

دەقی راگەیەنراوەکە:
راگەیەندراوێک لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پووچەڵکردنەوەی چەند هێرشێکی تێکدەرانە لە هەرێمی کوردستان
هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا چەند هێرشێکی تێکدەرانەیان لە هەرێمی کوردستان پووچەڵ کردەوە و چەندین کەسیشیان دەستگیرکرد کە پەیوەندییان لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکاندا هەیە.
لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی ئاسایشدا، دوو پیلان پووچەڵکرانەوە کە یەکێکیان لە لایەن پارتی کرێکارانی کوردستان ( پەکەکە) پلانی بۆ دانرابوو بەڵام خۆشبەختانە بە هاوکاریی و هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و هەواڵگریی و دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان پووچەڵکرانەوە. هەندێک لە پیلانداڕێژەرانی ئەم هەوڵانە، پەیوەندییان لەگەڵ خەڵکی دەرەوەی عێراق و دانیشتووی وڵاتانی ئەوروپاوە هەیە و لە لایەن ئەوانەوە ئاراستەکراون.
ئەو کەس و لایەنانەی کە بڕیار بوو بکرێنە ئامانجی ئەم هێرشە تیرۆریستیيانە، ئاگادارکراونەتەوە و رێکاریی پێویستیش، لەپێناو پاراستنی دیپلوماتکاران و خاوەنکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر.
دوای لێکۆڵینەوە و بەداوداچوونی ورد، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی هەرێم، چەندین کەسیان لە پەیوەند بەم پیلانەدا دەستگیر کردووە. لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتيش( ئینتەرپۆل)ەوە داوای هەماهەنگیی وهاوکاریی، لە هاوکارە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین بۆ دەستگیرکردنی کەسانی دیکەی تێوەگلاو لەم پیلانەدا.
لە کەیسی یەکەمدا دوازدە کەسی گومانلێکراو هەن کە پەیوەندییان بە پەکەکەوە هەیە. هەروەها چەندین کەسی دیکەش تێوەگلاون کە لە چەند وڵاتێک نیشتەجێن لە نێویشیاندا ئەوروپا، کە پیلانی هێرشکردنە سەر کونسوڵگەرییەک لە هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلوماتکارانی ناو کونسوڵگەرییەکە و پەلاماردانی کۆمپانیا تایبەتەکانی ئەو وڵاتەیان لە هەرێم داڕشتبوو. ئەمە جیا لە هەوڵەکانیان بۆ پەلاماردان و هێرشکردنە سەر کۆمپانیا و براندە جیهانییەکان و وڵاتانی رۆژئاوا لە هەرێمی کوردستان. لە دوای چاودێریکردنی گرووپەکە لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە بۆ زیاتر لە چوار مانگ، توانرا گیانی چەندین کەس بپارێزرێت و چەندین گومانلێکراويش دەستگیر بکرێن لە نێویاندا دوو هاووڵاتی سووری هەن. گومانلێکراوان بەپێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
لە کەیسی دووەمدا، دوای زیاتر لە ساڵێک بەدواداچوون، تا ئێستا هەشت کەس دەستگیرکراون و هەموویان هاووڵاتی عێراقین. ئەم گرووپە هەوڵی تیرۆرکردنی پارێزگارێکی هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەندین کاری توندوتیژییان لە هەرێم بە گشتی و پارێزگای دهۆک بەتایبەتی داوە. هەروەها پلانی هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تێکدانی ئاسایشی هەرێمیان داڕشتبوو. بەم زووانە گومانلێکراوان، بەپێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە.
گرووپی سێیەم، دوای بەدواداچوون و ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانی دژەهەواڵگریی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک، هێزەکانی پۆلیس توانیان حەوت کەسی گومانلێکراو کە هەر هەموویان هاووڵاتی عێراقین، بە پێی ماددەی 1 ی یاسای 21 ی ساڵی 2003 و بە بڕیاری دادگا دەستگیر بکرێن. بەداوداچوونەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی گومانلێکراوانی دیکە کە بەشێکن لە تۆڕێک کە چەند ساڵێکە دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری و سەربازيی لە بارەی دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسەکانی. هەروەها پلانی کوشتنی بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری و دادوەرێکیان دابوو. گرووپەکە، زانیارییان لە گەڵ چەند لایەنێک لە نێویاندا پەکەکە، ئاڵوگۆڕ کردووە. ئێمە حکوومەتە بیانی و دەزگا هەواڵگرییە پەیوەندیدارەکانمان لەم ئۆپەراسیۆنە و ئەو زانیارییانەی تا ئێستا بە دەستمان خستوون، ئاگادار کردۆته‌وه‌.
ئەم ئۆپەراسیۆنانە دەریدەخات کە هەڕەشەیەکی بەردەوام لە سەر ئاشتی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام هێزەکانی ئاسایش، چالاکانە ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن و بە هیچ شێوەیەک رێگە نادەن، رەوشی ئارام و ئاسایشی هەرێمی کوردستان تێکبدرێت.
ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this