دیلان له‌نێوان یارى تۆپى پێ و كارى پزیشكیدا كامهیانى خۆشده‌وێ و حه‌ز به‌چیتر ده‌كات؟

دیلان ئیسماعیل
سەنگەر زرار-SNN Sport
زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌هره‌ى جۆراوجۆریان هه‌یه و خاوه‌ن توانایه‌كى له‌ڕاده‌به‌ده‌رن، دیلان ئیسماعیل-ى به‌رگریكارى لاوى كوردى سوید وه‌ك یاریزانێكى پیشه‌گه‌ر و پزیشكێكى گشتییە، یه‌كێكه له‌و كه‌سانه و له‌یارى تۆپی پێدا كاپتنى تیپهكهیهتى و ئاستێكى به‌رزى هه‌یه و له‌بوارى پزیشكیشدا كه‌سێكى به‌توانایه و به‌پێشكه‌ش كردنى فریاكه‌وتنى سه‌ره‌تایی خزمه‌تى توشبووانى كۆرۆنا ده‌كات.
دیلان پاش یه‌ك ساڵ یارى كردن بۆ یانه‌ى دالكورد له‌خولى پله یه‌كى تۆپى پێى یانه‌كانى سوید (سوپێرتان)، له‌مانگى ئادارى ئه‌مساڵدا گه‌ڕایه‌وه یانه‌ى ئۆمیۆ ، ئه‌و یانه‌یه‌ى زۆرینه‌ى كاروان و ژیانى یارى كردنى تێدا به‌سه‌ربردووه و بۆ ساڵى 2020 له(سوپێرتان) ركابه‌ریی ده‌كات، به‌ڵام به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا (كۆڤید 19) و وه‌ستاندنى چالاكییه وه‌رزشییه‌كان و به‌تایبه‌ت ده‌ستپێكى خوله‌كانى تۆپى پێى سوید كه خراوه‌ته مانگى حوزه‌یرانى داهاتوو، ئه‌م یاریزانه كه له‌هه‌مان كاتدا پزیشكه، له‌ئێستادا هه‌ر له‌شارى ئۆمیۆ و له‌بنكه‌ى ته‌ندروستى ئۆمیۆ زیاتر وه‌ك پزیشكێك ده‌رده‌كه‌وێت و خزمه‌ت ده‌كات.
“بوارى وه‌رزش و كارى پزیشكى دوو خواستى گه‌وره‌ى منن”
دیلان عه‌باس ئیسماعیل-ى ته‌مه‌ن 27 ساڵ خۆى له‌سوید له‌دایكبووه، به‌ڵام باوكى خه‌ڵكى شارى كه‌ركوكى كوردانه، پاش پێنج ساڵ خوێندنى پزیشكى له‌زانكۆى ئۆمیۆ-ى سوید له‌هاوینى ساڵى 2018دا بڕوانامه‌ى دكتۆریى پێدرا، له‌میانه‌ى دیدارێكى تایبه‌تدا وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێكى تۆڕى هه‌واڵى سلێمانى (SNN Sport) ده‌داته‌وه و سه‌ره‌تا لێمان پرسى (جگه له‌بوارى وه‌رزش و كارى پزیشكى، له‌ژیانى تایبه‌تى خۆتدا ئاره‌زووى چ بوارێكى تر ده‌كه‌یت) ؟، وتى:” بوارى وه‌رزش و كارى پزیشكى دوو خواستى گه‌وره‌ى منن له‌ژیاندا، هه‌روه‌ها گرنگى زۆر به‌بوارى فرۆكه‌وانى و پیشه‌ى فرۆكه‌وان داوه، حه‌ز ده‌كه‌م له‌كاتێكى تردا بۆ گواستنه‌وه‌ى تایبه‌تى خۆشم بێ ئه‌وه بكه‌م”.
“له‌ئێستاشدا گرنگى زیاتر به‌یارى تۆپى پێ ده‌ده‌م”
ئه‌م یاریزانه لاوه‌ى كورد له‌م ماوه‌یه‌دا به‌هۆى نه‌بوونى هیچ یارییه‌كى ئاماده‌كارى یانه‌كه‌ى به‌هۆى ته‌شه‌نه‌كردنى ڤایرۆسى كۆرۆنا، ئه‌و ده‌رفه‌ت و هه‌له‌ى قۆستووەته‌وه و زیاتر له‌بوارى پزیشكى و چاره‌سه‌رى خێراى توشبووانى كۆرۆنا خزمه‌تى كردووه و له‌مباره‌یه‌وه و له‌وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى (زیاتر خۆشه‌ویستیت بۆ بوارى وه‌رزش و یارى تۆپى پێ یان بوارى ته‌ندروستى و كارى پزیشكى هه‌یه كه وه‌ك پزیشكێك خزمه‌ت بكه‌یت) ؟، ده‌ڵێت:” له‌ئێستادا هه‌ڵبژاردنى ئه‌و وه‌ڵامه قورسه، به‌ڵام هه‌ردووكیانم خۆشده‌وێ، له‌ئێستاشدا گرنگى زیاتر به‌یارى تۆپى پێ ده‌ده‌م، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناتوانم تا ژیانم ماوه یارى تۆپى پێ بكه‌م، به‌ڵام ده‌توانم بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ له‌كارى پزیشكیدا به‌رده‌وام بم، له‌م كاته‌دا خه‌ڵكى زۆر پێویستیان بهفریاكهوتنى سه‌ره‌تایی هه‌بووه، هه‌روه‌ها نه‌خۆشخانه‌كانیش پێویستیان بهكارمهندى زیاتر و هاوكاری بووه”.
“زۆرجاریش شه‌وانه وه‌ك پزیشكێك ده‌وام ده‌كه‌م”
دكتۆر دیلان كه وه‌ك پزیشكێكى گشتى له‌بنكه‌ى ته‌ندروستى ئۆمیۆ كاره‌ده‌كات و فریاكه‌وتنى سه‌ره‌تایی له‌نه‌خۆشخانه پێشكه‌ش ده‌كات، له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى (له‌ئێستادا وه‌ك یاریزانێكى پیشه‌گه‌ر له‌نێوان یارى تۆپى پێ و كارى پزیشكی دایه، كاته‌كانى له‌نێوان ده‌وامى رۆژانه‌ى نه‌خۆشخانه و مه‌شقى رۆژانه‌ى یانه‌كه‌ى چۆن دابه‌ش كردووه) ؟ وتى: ” وه‌ك پزیشكێك كاتژمێر 8ى به‌یانى تا 3ى ئێواره له‌نه‌خۆشخانه كارده‌كه‌م و ئه‌ركه‌كانى سه‌رشانم به‌جێ ده‌گه‌یه‌نم، پاش ئه‌وه كاتژمێر 3:30 تا 5ى ئێواره مه‌شق و راهێنان ده‌كه‌م، له‌ئێستادا ئه‌وه بۆمن هه‌موو رۆژێك دووباره ده‌بێته‌وه، زۆرجاریش شه‌وانه وه‌ك پزیشكێك ده‌وام ده‌كه‌م”.
“بێگومان له‌دواى تۆپى پێ كارى پزیشكى ده‌كه‌م”
لهكاپتن دیلان-مان پرسى (پاش وازهێنانت له‌یارى تۆپى پێ روو له‌بوارى راهێنه‌رى ده‌كه‌ى یانه ده‌چیته‌وه سه‌ر كارى پزیشكى و وه‌ك دكتۆر خزمه‌تى خه‌ڵك بكه‌یت) ؟، ئه‌میش وتى:” بێگومان له‌دواى تۆپى پێ كارى پزیشكى ده‌كه‌م، بێگومانیش بۆ ئه‌و شته ده‌چم، له‌وانه‌شه پیشه‌ى پزیشكى لهتیپهكهمدا بكه‌م، ئه‌مه‌ش نزیكترینه كهبمهوێ له‌دواى وازهێنانم له‌یارى تۆپى پێدا به‌ده‌ستى بهێنم”.
“تۆپى پێ فێرى ئه‌وه‌ى كردم هه‌موومان پێكه‌وه كاربكه‌ین”
سه‌باره‌ت به‌وه‌ى (له‌بوارى وه‌رزش و تۆپى پێدا چى ده‌ستكه‌وتووه؟)، دیلان ئیسماعیل وتى:” گرنگى كاركردنى پێكه‌وه‌یی به‌گروپ و به‌كۆمه‌ڵ لهتیپهكهم فێربویمه، چه‌ند ساڵێكه كه له‌یارى تۆپى پێدا كاپتنى تیپه‌كه‌م بووم فێرى چۆنێتى هه‌ڵسوكه‌وت و مانه‌وه له‌گه‌ڵ خه‌ڵك بووم، تۆپى پێ فێرى ئه‌وه‌ى كردم هه‌موومان پێكه‌وه كاربكه‌ین و هه‌روه‌ها چۆن هاریكارى یه‌كتربین”.
“هه‌ڵبژاردنى ئه‌و ژماره‌یه له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌هۆى یاریزانێكى گه‌وره‌ى وه‌ك رامۆس-ه”
له‌باره‌ى ئه‌وه‌ى (نهێنى ژماره 4 لاى ئه‌و چی ده‌گه‌یه‌نێ و بۆچى ته‌نها درێسى ژماره 4 ده‌پۆشێت) ؟، دیلان ده‌ڵێت: ژماره 4 باشترین ژماره‌یه لاى من و هه‌ڵبژاردنى ئه‌و ژماره‌یه له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌هۆى یاریزانێكى گه‌وره‌ى وه‌ك سێرجیۆ رامۆس-ه كه بۆمن زۆر ئیلهام به‌خشه.
دیلان چاره‌سه‌رى پێشڕه‌و عه‌زیزى كاپتنى دالكورد ده‌كات
له‌كۆتاییدا نابێت ئه‌وه‌ش له‌یادبكه‌ین كههاوینى ساڵى 2019ى رابردوو دیلان ئیسماعیل كه ئه‌وكات له‌یانه‌ى دالكورد یارى ده‌كرد وه‌ك پزیشكێك به‌هاوكارى له‌گه‌ڵ كاروان سه‌فه‌رى هێرشبه‌رى یانه‌ى ڤیسترۆس، توانى سه‌رى (پێشڕه‌و عه‌زیزى/ پاشا)ى كاپتنى یانه‌ى دالكورد-ى كوردانى سوید بدورێته‌وه كه به‌هۆى به‌ركه‌وتنى له‌گه‌ڵ یاریزانێكى یانه‌ى ڤیسترۆس شكابوو”.
لەگەڵمانبە
هەواڵی زیاتر
زۆرترین بینراو
ئەرشیف
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
-
دوو وەزارەتی گەورەی ئەمیرکا هاک کران
2020-12-13
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17