كارگەكانی جبس 250 هەزار تۆن پەتاتە لە جوتیارانی هەرێم وەردەگرنەوە

0
54

SNN – عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم رایده‌گه‌یه‌نێت: لە ساڵی 2008ه‌وه‌ بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆیی لە هەزار تۆن تێنەدەپەڕی، بەڵام بە جێبەجێكردنی پلانەكانمان لە ئێستادا بەرهەمی ناوخۆیی پەتاتە گەیشتووەتە 300 هەزار تۆن، ده‌شڵێت: “ساڵانەش 250 هەزار تۆن پەتاتە لە جوتیاران وەردەگرینەوە”.

حسێن حەمە كەریم، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم بە SNNی راگەیاند: “لە ئەنجامی ئەو پلانەی كە لە وەزارەتی كشتوكاڵ جێبەجێمان كردووە بەرهەمی ناوخۆیی پەتاتە بەڕێژەیەكی زۆر زیادیكردووە، بەجۆرێك لە ساڵی 2008 بەرهەمی ناوخۆیی نزیكەی هەزار تۆن تێنەدەپەڕی، بەڵام لە ئێستادا ساڵی وا هەیە بەرهەمی پەتاتەی ناوخۆیی دەگاتە زیاتر لە 300 هەزار تۆن، ئەمەش بڕێكی زۆرە و بەشێكی بۆ پارێزگاكانی خواروو ناوه‌ڕاستى عێراق دەنێرین، دەكرێت بەشێكی دیكەشی لە بواری پیشەسازیدا بەكاری بهێنین”.

وتیشى: “بۆ زیاتر گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی پەتاتە ئێمە لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ كارگەكانی دروستكردنی جبس و فینگەری پەتاتە كۆبووینەوە و داوامان لێكردن كە دەبێت هەتا بەرهەمی ناوخۆیی پەتاتە هەبێت بەرهەمی دەرەوە هاوردە نه‌كەن، ئەوەش وەك پاڵپشتییەك بۆ بەرهەمی ناوخۆیی جێبەجێ‌ دەكەین، بۆ ئەو مەبەستەش توانیمان لێكتێگەیشتنێكی باش لە نێوان جوتیاران و خاوەن كارگەكان دروستبكەین لەبارەی بەرهەمهێنانی پەتاتەی تایبەت بە بواری پیشەسازی جبس و فینگەر”.

وتەبێژەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوكانی ئاو ئەوەشی خستەڕوو: “لە ئێستادا سێ‌ كارگەی زۆر گەورە و بە دەیان كارگەی لاوەكی لە هەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، كە ئەم كارگانە لە توانایاندا هەیە ساڵانە بڕی 230 بۆ 250 هەزار تۆن پەتاتە لە جوتیارانی ناوخۆ وەربگرن، لەدوای نەمانی بەرهەمی ناوخۆیش دەتوانن بەرهەمی دەرەوە هاوردە بكەن بۆ ئەوەی ئەو كارگانەش لەكار نەكەون، چونكە خەڵكێكی زۆر بژێوی ژیانیان لەسەر ئەو كارگانەیە و ناكرێت بە نەمانی بەرهەمی ناوخۆیی ئەوانیش دابخرێن”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this