“تا ئێستا یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌غدا ده‌توانێت ئه‌م مانگه‌ 320 ملیاره‌كه‌ى هه‌رێم بنێرێت”

0
100
دراوى 10 هه‌زارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: بەهۆی ئەوەی حكومەتی عێراق داوای بڕێكی زۆر پارەی كردووە لە پرۆژەیاسای قەرز ئێمە لە لیژنەی دارایی ئەگەر بڕیاریش بدەین تەنیا بڕیار لەسەر 15 تاوه‌كو 16 ترلیۆن دینار دەدەین حكومەت قەرز بكات نەك 41 ترلیۆن، ده‌شڵێت: “هێشتا نازانرێت بەغدا بڕی 320 ملیارەكە بۆ هەرێم دەنێرێت یاخود نا بۆ مانگى تشرینى یه‌كه‌م”.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “تا ئێستا هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە نەدراوە لەسەر رێگەدان بە حكومەتی عێراقی بۆ قەرزكردن بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لە دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ بریكاری وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری و چەند بەرپرسێكی دیكەی وەزارەتی دارایی كۆبووینه‌وه‌، ئەوان داوای 41 ترلیۆن دینار قەرزیان كرد بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەین بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، بەڵام ئێمە ئەم بڕە پارەیە بە زۆر دەزانین و پێی رەزامەندنین”.

وتیشى: “لەلایكی دیكەوە وتەبێژی حكومەتی عێراقی لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە پێویستمان بە قەرزكردن نییە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆیە ئێمەش لە لیژنەی دارایی نووسراوێكمان ئاراستەی حكومەت كردووە كە ئەگەر پێویستتان بە قەرزكردن نییە ئیتر بۆچی ئەم پرۆژەیاسایەتان ناردووەتە پەرلەمان؟ بۆیە، چاوەڕێی وەڵامی حكومەتین بزانین ئەوان چیمان پێدەڵێن، هاوكات لە حاڵەتێكیشدا ئەگەر حكومەت سووربێت لەسەر قەرزكردن پێدەچێت ئێمە رەزامەندی لەسەر 15 تاوه‌كو 16 ترلیۆن دینار بدەین بۆ قەرزكردن نەوه‌ك بۆ 41 ترلیۆن كە حكومەت داوایكردووە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی ئاشكراكرد: “بەگوێرەی رێككەوتنی پێشووی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت بۆ ماوەی سێ‌ مانگ بەغدا بڕی 320 ملیار دینار بنێرێت، تاوه‌كو ئێستا دوو جار ئەو بڕە پارەیه‌ى ناردووە و یەك جاری دیكەی ماوە، بەڵام تاوه‌كو ئێستا یەكلانەبووەتەوە كە ئایا عێراق ئەم مانگە دەتوانێت ئەو بڕە پارەیه‌ بنێرێت یاخود نا، چونكە تا ئێستا نەیتوانیووە مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابینبكات”.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this