كۆمەڵ و یەكگرتوو ئامادەكارییان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەستپێكردوە

0
43
دەنگدان

SNN -بریار محەمەد

هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئامادەكاریان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە ساڵی داهاتوو دەستپێكردوە، یەكگرتووش دەڵێت یەكێك لە بژاردەكان دروستكردنی یەك لیستە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و هێزەكانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا كۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی نێو حزبەكان كۆبوونەوتەوە بیروبۆچوونیان ئاڵوگۆڕكردوە.

خەلیل ئیبراهیم سەرۆكی ئەنجومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان  بە SNNی رایگەیاند: لە راستیدا ئێمە دەمانەوێت كارێك بكەین یاخود هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسیی بكەین گرنگ ئەوەیە بتوانین خزمەت بە كورد بكەین بە تایبەتی لەو ناوچە كێشە لەسەرەرانە، بێگومان زۆر ئەگەر لەبەردەم یەكگرتووی ئیسلامی كراوەیە، یەكێك لە ئەگەرەكانیش دروستكردنی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ  كۆمەڵی ئیسلامی، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە، تەنیا ئەگەرەكان خراونەتە روو لە دواجاردا سەركردایەتی و  مەكتەبی سیاسیی بژاردەكان  یەكلاییدەكاتەوە .

لای خۆشیەوە عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: ئامادەكارییەكان بۆ دروستكردنی هاوپەیمانێتی و كەسایەتیەكان دەستی پێكردوە و بێگومان ئێَمە هەر شتێك لە خزمەتی بەرەیەكی بەهێز و داكۆكیكاردابێت بۆ میلەتەكەمان ئامادەین بیكەین و بەدڵنیایشەوە ئامادەكاریكراوە و قسە لەگەڵ كەسایەتی نێو حزبەكان و دەرەوەی حزبەكانیش كراوە، هێشتا كاتیش لەبەردەماندا ماوە بۆ ئەوەی بریاری كۆتایی لەسەر ئەو بابەتە بدەین .

شایەنی باسە لە ئێستادا چاوەكان زیاتر لەسەر دروستكردنی هاوپەمانیەتیە لە نێوان كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی بەو پێوەی هەردوو حزبەكە دەیانەوێت لە سنووری دهۆك و هەولێر و سلێمانی زۆرترین دەنگ بەدەست بێنن، چونكە یەكگرتووی ئیسلامی بەهۆی ئۆپۆزسیۆنبوونی و ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی لە سنوری دهۆك، ئامادەكاری دەكات زۆرترین دەنگ بەدەستبێنێت و هەروەها كۆمەڵی ئیسلامیش بەهۆی هەڵوێستی سیاسیی  لە ئێستادا دۆخی باشترە بۆیە ئامانجیان ئەوەیە بەرەیەكی فراوان بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەستپێبكەن .

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this