دابه‌شكردنى مووچه‌ له‌ عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

0
244
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ وه‌زیرى دارایی عێراق رایگه‌یاند: هەر کاتێک پەرلەمان یاسای کورتهێنانی دارایی پەسند کرد راستەوخۆ دەستبە دابەشکردنی مووچە دەکەین، وتیشى: “ئه‌كرێت مووچه‌ى مانگى تشرینى یه‌كه‌م دواى دوو هه‌فته‌ى تر دابه‌شبكرێت”.

عه‌لى عه‌لاوى، وه‌زیرى دارایی عێراق له‌ نوێترین چاوپێكه‌وتنیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسى هه‌واڵى عێراق رایگه‌یاندووه‌: “له‌ ئێستادا ئێمه‌ كێشه‌ى كه‌مى نه‌ختینه‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ركاتێك عێراق پرۆژه‌یاسای كورتهێنانى دارایی په‌سه‌ند كرد، راسته‌وخۆ ده‌ستبه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ ده‌كه‌ین”.

له‌باره‌ى به‌روارى دابه‌شكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران وه‌زیرى دارایی عێراق ئاشكرایكردووه‌: “ئه‌گه‌ر پرۆژه‌یاساى كورتهێنانى دارایی په‌سه‌ند بكرێت، ئه‌وه‌ ده‌كرێت له‌ دوو هه‌فته‌ى داهاتوودا ده‌ستبه‌ دابه‌شكردنى مووچه‌ى مانگى تشرینى یه‌كه‌م،‌ بكرێت”.

عه‌لى عه‌لاوى ئاماژه‌ى به‌ پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى عێراقیش كردووه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا و روونیكردووه‌ته‌وه‌: “له‌ مانگى تشرینى دووه‌مدا، پرۆژه‌یاسای بودجه‌ى ساڵى 2021، ره‌وانه‌ى په‌رله‌مان ده‌كه‌ین”.

به‌ وته‌ى وه‌زیرى دارایی عێراق، “قه‌باره‌ى قه‌رزه‌ ده‌ره‌كییه‌كانى عێراق له‌نێوان 60 بۆ 70 ملیار دۆلاردایه‌، هاوكات قه‌رزه‌ ناوخۆییه‌كانیشى قه‌باره‌كه‌یان ده‌گاته‌ 60 ترلیۆن دینار”.

پێشتر شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “تا ئێستا هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە نەدراوە لەسەر رێگەدان بە حكومەتی عێراقی بۆ قەرزكردن بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆ ئەو مەبەستەش ئێمە لە دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ بریكاری وەزیری دارایی، بەڕێوەبەری گشتی ژمێریاری و چەند بەرپرسێكی دیكەی وەزارەتی دارایی كۆبووینه‌وه‌، ئەوان داوای 41 ترلیۆن دینار قەرزیان كرد بۆ ئەوەی دەنگی پێبدەین بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان، بەڵام ئێمە ئەم بڕە پارەیە بە زۆر دەزانین و پێی رەزامەندنین”.

وتیشى: “لەلایكی دیكەوە وتەبێژی حكومەتی عێراقی لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەكردووە كە پێویستمان بە قەرزكردن نییە بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، بۆیە ئێمەش لە لیژنەی دارایی نووسراوێكمان ئاراستەی حكومەت كردووە كە ئەگەر پێویستتان بە قەرزكردن نییە ئیتر بۆچی ئەم پرۆژەیاسایەتان ناردووەتە پەرلەمان؟ بۆیە، چاوەڕێی وەڵامی حكومەتین بزانین ئەوان چیمان پێدەڵێن، هاوكات لە حاڵەتێكیشدا ئەگەر حكومەت سووربێت لەسەر قەرزكردن پێدەچێت ئێمە رەزامەندی لەسەر 15 تاوه‌كو 16 ترلیۆن دینار بدەین بۆ قەرزكردن نەوه‌ك بۆ 41 ترلیۆن كە حكومەت داوایكردووە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this