“%60ى گەشتە ئاسمانییەكانى فڕۆكەخانەی سلێمانی دەستیانپێكردووه‌ته‌وه‌”

0
263
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی

SNN – عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت: لە ئێستادا 60% گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەستیانپێكردووەتەوە و هاتووچۆ لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان ئاسایی بووەتەوە، ده‌شڵێت: “تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی و تاران”.

تاهیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە SNNی راگەیاند: “له‌ رابردوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و راگرتنی هاتووچۆ لە زۆربەی فڕۆكەخانەكانی جیهان، فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی زۆربەی زۆری گەشتەكانی راگیران، بەڵام لە ئێستادا گەشتە ئاسمانییەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهان بەرەو ئاساییبوونەوەی تەواوەتی دەچن”.

وتیشى :”لە ئێستادا گەیشتووینەتە ئاستێك كە بتوانین بڵێین: 60%ی گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ وڵاتانی جیهان دەستیانپێكردووەتەوە بە بەراورد بە پێش سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەجۆرێك لە ئێستادا لەگەڵ وڵاتانی: توركیا، ئیمارات، قەتەر، میسر و لوبنان و چەند وڵاتێكی دیكە گەشتە ئاسمانییەكانمان دەستپێكردوونه‌تەوە، رۆژانە بە گوێرەی خشتەیەكی دیاریكراو هاتن و چوون ئەنجام دەدرێت”.

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: “تاوه‌كو ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ دەستپێكردنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی نێوان سلێمانی و تاران، هاوكات ئەو قسە و باسانەشی كە باس لە دەستپێكردنەوەی گەشتی نێوان سلێمانی تاران دەكەن تەنیا قسەی كۆمپانیاكانە و تاوه‌كو ئێستا بەفەرمی هیچ شتێكمان بەدەست نەگەیشتووە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this