لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ چارەسەری كێشە و گرفتی بەندكراوان سەردانی ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی دەكات

0
579
دانیشتنێکى پەرلەمانی کوردستان | فۆتۆ: نووسینگەى راگەیاندنى پەرلەمان

SNNـ بڕیار محەمەد 

بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكانی بەندكراوان و دانانی بەرنامەی سەردانیكردنی ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەمە لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە.

شادی نەوزاد، ئەندامی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لەمافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان بە SNNی ڕاگەیاند “لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەسەر دانانی بەرنامەی كاری لیژنەكە كرا بۆ سەردانیكردنی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون و هۆكاری دواكەوتنی داوای تۆمەتباران لە دادگای لێكۆڵینەوە، بەهۆی دواخستنی دادبینییەكان بەهۆی ئامادە نەبوونی پارێزەر، یان شاهید كە بەپێی یاسا دەبێت لەماوەی شەش مانگدا یەكلایی ببێتەوە لەدادگای لێكۆڵینەوە، کە بەپێی بەدواداچوونەكانی لیژنەكە داوا هەیە زیاتر لە ساڵێك دەخایەنێت.

وتیشی: “لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا لیژنەكە تاووتوێی سەردانیكردنی ئەنجوومەنی دادوەری و داواكاری گشتی تایبەت بە رەوشی زیندانیكراوان لەچاكسازییەكاندا کرد، هەر لەم كۆبوونەوەیەدا لیژنەكە بەگرنگی زانی سەردانیكردنی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی پارێزگاكانی هەرێم بەردەوامیی هەبێت، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكانی خەڵك و چاكسازییەكان”.

ئەوەشی خستەڕوو، لە كۆبوونەوەکەدا، تاوتوێی ئەوە كرا كە چۆن بەدواداچوون بكرێت بۆ دەستگیركراوانی سنووری پارێزگای دهۆك، لیژنەكە بە پێویستی زانی هەماهەنگی بكرێت لەگەڵ لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەوەی ئەنجامی بەدواداچوونی هەردوو لیژنەكە بكرێتە یەك راپۆرت و ئاڕاستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان بكرێت.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this