ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران: هێرشه‌كه‌ى چه‌مانكێ هێرشه‌ بۆ سه‌ر ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان

0
491
لۆگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان | فۆتۆ: SNN

SNN

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی ئاسایی خۆی ساز کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا سەبارەت بە هێرشی ئەمڕۆی ناحیەی چەمانکێ لە پارێزگای دهۆک لە لایەن هێزەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی هەرێمی کوردستان، قەوارەی سیاسی و شەرعیی خەڵکی کوردستانە، هێزی پێشمەرگەش پارێزەری خاک و خەڵکی کوردستانە ، بۆیە هەر هێرشێکی لەم جۆرە ، هێرشکردنە بۆ سەر تەواوی خەڵکی کوردستان . حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی شەڕی براکوژییە، لەم چوارچێوەیەشدا ئەم جۆرە هێرشانە بە بەزاندنی هێڵی سوور دەزانێت، ئەم هێرشەی ئەمڕۆش کە کراوەتە سەر هێزی پێشمەرگە لە لایەن هێزەکانی پەکەکە، بە تووندی ئیدانە دەکات و بە دەستدرێژیکردنە سەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی لە قەڵەم دەدات . لەم چوارچێوەیەشدا، وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان، رێگری لە تێکچوونی ئاسایشی هەرێم دەکەین.

لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ، سەرۆک وەزیران جارێکی دیکە هوشداریدا لە مەترسییەکانی زیاتر تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە گەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرما ، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و رۆژ نییە چەندین کەس گیان لە دەست نەدەن . بۆیە دامودەستگاکانی حکومەتی راسپارد کە نابێ بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک لە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی بکرێت، بەتایبەتی لە فەرمانگەکانی حکومەت و شوێنە گشتییەکان. ئەوانەی بێ باکیشن و بە شێوەیەکی نابەرپرسانە مامەڵە لە گەڵ ئەو دۆخە مەترسیدارە دەکەن و پابەند نابن ، ئەوە بەداخەوە بە مەبەست ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسیی جیددیەوە و دەبنە هۆکار بۆ مردنی خزم و کەسوکار و هاووڵاتییان بە گشتی.
پاشان دوکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، راپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە رەوشی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و ستراتیجی وەزارەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە خستەڕوو.

دواتر ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، راپۆرتێکی سەبارەت بە میکانیزم و ئاستی جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییەکانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و کێشە و گرفت و ئاستەنگەکان خستەڕوو. ئاماژەی بە کۆمەڵێک پێشنیاریش کرد بۆ زیاتر پابەندبوونی فەرمانگەکانی حکومەت و هاووڵاتییان و سەردانکەرانی دامودەزگا حکومییەکان بە رێنماییەکان .
لە تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، وەزیری ناوخۆ راپۆرتێکی پێشکەش کرد سەبارەت بە رێکخستنی کاری کۆمپانیا ئەمنییەکان لە هەرێمی کوردستان و داتا وزانیاریی پێویستی لەم رووەوە خستەڕوو ، کە تیایدا مەرجەکانی پێدانی مۆڵەتی کار بەم کۆمپانیایانە و پابەندییەکانیان و چالاکیەکانیان وپابەندکردنیان بە پێدانی باجی پێویست وچاودێریکردنی کارەکانیان لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پاسەوانی روونکرابووەوە، بە ئاراستەی رێکخستنەوەی کار وچالاکی ئەم کۆمپانیایانە لە چوارچێوەی مەبەستەکانی دامەزراندنیان و بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، دوای لە بەرچاوگرتنی هەموو تێبینی و پێشنیارەکان، پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بەم بابەتە ئامادە بکرێت و لە دوای پەسەندکردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران، بنێردرێت بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ تەشریعکردنی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this