“ئه‌وه‌ى قوباد تاڵه‌بانى كردى پاره‌یه‌كى زۆر بۆ خه‌زێنه‌ى ده‌وڵه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌”

0
586
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران | فۆتۆ: ئه‌ژى عومه‌ر

SNN-عەلی حەمە سەعید
دوای ئەوەی بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی بڕیاردرا بە راگرتنی مووچەی زیاتر لە 16 هەزار لەو كەسانەی كە خاوەن دوو مووچەن، ده‌ستخۆشى و كاردانه‌وه‌ى هاووڵاتییانى لێكه‌وته‌وه‌، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایش لە پەرلەمانی كوردستان ده‌ڵێت: “بڕیاره‌كه‌ پاره‌یه‌كى زۆر بۆ خه‌زێنه‌ى حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌”.

عەباس محەمەد، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNNی راگەیاند: “ئەوەی كە قوباد تاڵەبانی، جێگیرى سه‌رۆكى حكومه‌ت ئەنجامیدا لە بڕینی مووچەی 16 هەزار و 505 كەس كە خاوەن دوو مووچەن كارێكی زۆر گرنگ بوو، چونكه‌ بەهۆیەوە بڕێكی باش پارە بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە ئەوەش كارێكی باشە، بەڵام دەبوو حكومەت زووتر ئەم هەنگاوەی بنایە”.

وتیشى: “بەگوێرەی یاسا رێگە پێدراو نییە كەسێك خاوەنى دوو مووچە بێت، هاوكات گرفتێكی ئەم هەرێمەی ئێمە لەوەدایە كە چاودێری بەسەر وەزارەت و فەرمانگەكانەوە وەك پێویست نییە، چونكە ئەگەر چاودێری ورد هەبێت ئەم دۆخەی كە ئێستا هەیە بەم جۆرە نەدەبوو، بەڵام كاتێك بودجە نایەتە پەرلەمان و چاودێریش بەسەر دامودەزگا حكومییەكانەوە نییە هەر ئەمەی لێ‌ دەردەچێت كە هەیە”.

جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ئەوەشی خستەڕوو: “ئەم هەرێمەی ئێمە لەڕووی دارایی و ئابوورییه‌وه‌ كێشەیەكمان هەیە كە ئەویش ئەوەیە هێشتا حزب بڕیاردەدات و دامودەزگاكان نەبوونەتە دامودەزگایەكی دامەزراوەیی و یاسایی، چونكە ئەگەر بە دامەزراوەیی بكرێت ئەم گه‌ندەڵی و دزینی نەوت و تەقاندنەوەی بۆری نەوت و گەندەڵییە نامێنێت كە ئێستا هەیە، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەوەی لەبارەی بڕینی 16 هەزار دوو مووچەكەوە بڕیاری لێدراوە كارێكی زۆر گرنگ و پێویست بوو”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this