“جارێکی دیکە بەغدا بێبەرامبەر پارە نانێرێت بۆ هەرێمی کوردستان”

0
2184

SNN-عەلی حەمە سەعید
بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی دەڵێت “گەر بەغدا 320 ملیار دینارەكە نەنێرێت، بە 50 ڕۆژ جارێك مووچە بە لێبڕینی لە%21 دابەشدەكرێت، سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی هەرێمیش دەڵێت “چاكسازی ڕاستەقینە بكرێت پێویستمان بە بەغدا نابێت”.

بە گوێرەی لێدوانی وەزیری دارایی و وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئەو داهاتەی كە مانگانە كۆدەكرێتەوە بەشی ئەوە ناكات مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی پێدابەشبكرێت كە بڕەكەی 890 ملیار دینارە، بۆیە بەو بڕی 320 ملیارەی كە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت و بە گوێرەی داهاتی بەردەست حكومەت دەتوانێت مووچەی مانگانە دابەش بكات.

بەرپرسێكی سەربە وەزارەتی دارایی كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە SNNی ڕاگەیاند: بە گوێرەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت بۆ ماوەی سێ‌ مانگ عێراق بڕی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بۆیە لە ئێستادا دوو جار ئەو بڕەی ناردووە تەنها یەك جاری دیكەی ماوە كە وابڕیارە بۆ ئەم مانگەش بینێرێت، بەڵام لەدوای ئەم مانگەوە ئەو ریككەوتنە كۆتایی پێدێت و دەبێت دووبارە هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق ڕێككەوتێكی دیكە واژۆ بكەنەوە ئەویش ئەگەر حكومەتی عێراق ئامادە بێت بە واژۆكردنی ڕێككەوتنی نوێ‌.

ئاماژەی بەوەشكرد، زۆر ئەستەمە ئەمجارە حكومەتی عێراق ڕەزامەند بێت بە ناردنی بڕێك پارە بۆ هەرێم بە بێبەرامبەر، چونكە دۆخی دارایی عێراق بەتەواوەتی دووچاری گرفتێكی قورس بووە و گەیشتووەتە ئاستێك بە بێ‌ قەرزكردن نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابینبكات، بۆیە ئامادەش نییە قەرز بكات لە پێناو ڕازیكردنی حكومەتی هەرێم بە بێبەرامبەر.

ئەو بەپرسەی وەزارەتی داریی ئەوەشی خستەڕوو، سیناریۆكانی دوای ناردنی ئەو 320 ملیار دینارە بۆ جاری كۆتایی ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم بەو داهاتەی كە لە فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەستی دەكەوێت دەتوانێت بە 50 ڕۆژ جارێك بە لێبڕینی لە %21 یان كەمێك زیاتر مووچەی فەرمانبەران دابینبكات، چونكە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تواندرا مووچەی 16 هەزار و 505 فەرمانبەری دوو مووچە ڕابگیرێت كە ئەوەش بارگرانییەكی زۆر لە كۆڵی حكومەت دەكاتەوە و هاوكاری دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئاسانی مووچە دابەشبكات.

زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە SNN ڕاگەیاند: بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونانەی كە ئێمە كردوومانە ئەگەر حكومەتی هەرێم بتوانێت چاكسازی ڕاستەقینە ئەنجام بدات و لە داهاتی ناوخۆ و كۆمپانیاكان و كەرتی وزە و فرۆشتنی نەوت و وەرگرتنی باج لە كۆمپانیاكان، نزیكدەبێتەوە لە دابینكردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە بێ‌ ئەوەی چاوەڕێی بەغدا بكات، ئەمەشمان بە بەرپرسانی حكومەتی هەرێم ڕاگەیاندووە، بۆیە كاتی ئەوەیە كە دەبێت چاكسازی ڕاستەقینە بكرێت لە هەموو كەرتەكاندا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this