“پشكی 320 ملیار دینارەكەی هەرێم وەك خۆی نامێنێتەوە”

0
3000
دراوى 10 هه‌زارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: نازانین نیازی حكومەتی عێراقی چی دەبێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان لەدوای ئەوەی ئەم مانگەش 320 ملیار دینارەكەی نارد، چونكە دەبێت هەولێر و بەغدا رێككەوتنێكی نوێ‌ واژوو بكەنەوە، ده‌شڵێت: “پێدەچێت ئەو 320 ملیارە زیاد یان كەم بكات”.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “ئەمڕۆ پەرلەمان كۆدەبینەوە و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای پڕكردنەوەی كورتهێنان دەكەین كە حكومەتی عێراق بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان داوای قەرزی 41 تریلیۆن دیناری كردووە، بێگومانیش پەرلەمان لەسەر ئەم بڕە پارەیه‌ رازی نابێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا هەر لەم هەفتەیەدا ئەو بابەتە كۆتایی پێدێت و خوێندنەوەی سێیەم و دەنگدانی لەبارەوە دەكرێت”.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كه‌ هاوكات ئه‌ندامى فراكسیۆنى سه‌وزه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: “رێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بووەتە بەشێك لە دەنگدان بە پرۆژەیاسای قەرزكردن، هەرچەندە بە گوێرەی رێككەوتنی پێشوو بۆ ئەم مانگەش دەبێت بەغدا 320 ملیار دینارەكە بۆ هەرێم بنێرێت ئەوەش لەدوای ئەوەی وەزارەتی دارایی دەستی بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی خۆی كرد”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق له‌باره‌ى پشكى 320 ملیار دیناره‌كه‌ى هه‌رێم زانیارى زیاترى خسته‌ڕوو و ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: “نازانین نیازی حكومەتی عێراقی چی دەبێت بە تایبەت كە لەدوای ئەم مانگەوە كۆتایی بە رێككەوتنی ناردنی 320 ملیار دینار دێت، بۆیە دەبێت جارێكی دیكە هەولێر و بەغدا رێككەوتنێكی دیكە واژوو بكەنەوە، من پێموایه‌ گۆڕانكاری بەسەر بڕی ئەو 320 ملیار دینارەدا دێت بە زیاد كردن یاخود كەمكردن، چونكە بەدڵنیاییەوە ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وەك خۆی نامێنێتەوە”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this