تەندروستیی هەڵەبجە “دەمانەوێت بەستنی ماسك بە كەلتور بكەین و نەیبەستینەوە بە سزادانەوە”

0
394

SNN-عەلی حەمە سەعید

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەكات لەگەڵ ئەوەی ڕۆژانە ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە سنورەكەماندا زیاد دەكات، بەڵام نامانەوێت پێشنیاری داخستنی شوێنە گشتییەكان و قەدەغەی هاتوچۆ بدەین ژووری ئۆپەراسیۆنەكان، چونكە دەبێت ئیتر خۆمان لەگەڵ جیهانی پاش كۆرۆنا بگونجێنین، دەشڵێت” دەمانەوێت بەستنی ماسك بە كەلتور بكەین و نەیبەستینەوە بە سزادانەوە”.

د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە بە SNNی ڕاگەیاند: لە ئێستادا تێگەیشتنێكی زۆر هەڵە لەسەر بابەتی كۆرۆنا درووستبووە بەوەی كە ئەم بابەتە تەنها لەسەر وەزارەتی تەندروستی چڕكراوەتەوە و وەزارەت و شوێنەكانی دیكە نابەسترێنەوە بەم بابەتەوە، لەكاتێكدا رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا كاری دەستە جەمعی دەوێت و دەبێت بەهەموو لایەك رووبەڕووی ببینەوە نەك تەنها ئێمە لەوەزارەتی تەندروستی كە تا ئێستا وا بیركراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا ژمارەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا ڕووی لە زیاد بوون كردووە، بەڵام ئێمە بەهیچ جۆرێك پێشنیاری قەدەغەی هاتوچۆ یان داخستنی شوێنە گشتیەكان بۆ ژووری ئۆپەراسیۆنەكان ناكەین چونكە، جیهانی پاش كۆرۆنا ئەو جیهانەیە كە پێویستە مرۆڤایەتی خۆی بگونجێنێت لەگەڵیدا، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئێمە دەمانەوێت بەستنی ماسك بكەینە كەلتور و ڕەفتاری ڕِۆژانەی هاووڵاتیانی لێبێت بەجۆرێك كە هاووڵاتییان بە ئارەزوومەندانە و بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی ماسك ببەستن نەك بەوەی كە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەكان بە زەبری سزا ماسك بە هاووڵاتییان ببەستن.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە ئەوەشی خستەروو، ئەو كەسایەتی و لایەنانەی كە دەیانویست بازرگانی و سیاسەت بە كۆرۆناوە بكەن بۆ هەموو لایك دەركەوت كە ئەوانەی بە نیازی بەلاڕێدا بردنی ئەم بابەتە بوون بە هەڵەدا چووبوون ئێستاش ئەو ڕێژە زۆرەی مردن كە هاتووەتە ئاراوە پشكێكی بەر ئەوان دەكەوێت كە ئەوان بوون هۆكاری ئەوەی هەر لە سەرەتاوە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونی نییە.

بە گوێرەی دواین ئامارەكانی وەزارەتی تەندروستی تا ئێستا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە دوو هەزار و 671 كەس تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون دوو هەزار و 421 كەس چاك بوونەتەوە و 145 كەس لە ژێر چاودێریدان و 105 كەسیش گیانیان لەدەستداوە.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this