قوباد تاڵەبانی: ئاسانکارى زیاتر دەکەین بۆ دامەزراندنى کۆمپانیاكان و نەھێشتنی رۆتین

كۆبوونهوهى قوباد تاڵهبانى لهگهڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری | فۆتۆ: ئهژى عومهر
SNN
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران رایگەیاند: ئامانجمانە ئاسانكارى بکەین بۆ هاووڵاتییان کە کۆمپانیای خۆیان دابمەزرێنن، چونکە کەرتێکی تایبەتی بەهێز، بڕبڕەی پشتی ئابوورییەکی بەهێز و هەمەجۆرە لە هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ دووشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەئامادەبوونی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بە نوێکردنەوەی پڕۆسەی تۆماری کۆمپانیاکان کە بەشێکە لەپلانی چاکسازی حکومەتی هەرێم لەچوارچێوەی بەرنامەی خزمەت و کەمکردنەوەی رۆتین.
لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی چۆنیەتی ئاسانکردنی کاروباری تۆماركردنی کۆمپانیاکان کرا، لەگەڵ رەخساندنی کەشێکی لەبار بۆ ئەوەی ببنە هۆکاری گەشکردن و بووژاندنەوەی ئابووری، بۆیە لە تەوەری یەکەمی كۆبوونەوەكەدا، پلانی كورتخایەن و درێژخایەن بۆ ئەو مەبەستە خرانەڕوو، کە چۆن پێداچوونەوە بە پرۆسەکە بکرێت لە پێناو کەمکردنەوە و نەهێشتنى ئەو ئاڵۆزی و رۆتینەی کە ئێستا هەیە.
هەروەها باس لە پێداچوونەوە بە تۆماری کارگە و مافی بەکارهێنانی هێمای بازرگانی بیانی کرا، لەو بڕگەیەدا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری پیشەسازی و بازرگانی جەختیانکردەوە، دەبێت حکومەت بەردەوام بیت لە چاکسازی و هەموو کارئاسانییەک بکات لەپێناو باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان و پڕکردنەوەى ئەو کەلێنەی کە لە ئابووری کوردستاندا هەیە بە پشتیوانی کەرتی تایبەت.
ئەم هەنگاوانەی حکومەتی هەرێم مەبەست لێی کەمکردنەوەی رۆتینە لە پرۆسەی تۆماری كۆمپانیاكان و ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت کۆمپانیای بچوک، مامناوەند و کۆمپانیای تاکەکەسی دابمەزرێنن زیاتر سوودی لێ ببینن.
ئەم هەنگاوانە بەشێکن لە بەرنامەی خزمەت کە بە سەرپەرشتی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجامدەدرێت لە پێناو ئەوەی خزمەتەکانی حکومەت بەشێوەیەکی باشتر و خیراتر و بە تێچوویەکی گونجاوتر بگاتە هاووڵاتییان.
لەگەڵمانبە
هەواڵی زیاتر
زۆرترین بینراو
ئەرشیف
دەربارەی ئێمە
ئەرکمان پێدانی هەواڵی ڕاست و دروستە دەربارەی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، لە ڕێگەی ستانداردەکانمانەوە هەوڵ بۆ باشترینەکان دەدەین.
ئەگەر لەبیرت کرد
وەرزش
-
دیارترین ئەو 5 یاریزانەی مایەپوچبوون
2020-05-26 -
مباپی بڕیارە چاوەڕوان نەکراوەکەی دا
2020-05-17