“320 ملیار دینارەكەی هەرێم گرژى خسته‌ ناو كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌ى دارایی په‌رله‌مان”

0
651
دراوى 25 هه‌زار دینارى عێراق | فۆتۆ: SNN

SNN – عەلی حەمە سەعید
هەرچەندە وابڕیار بوو لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانى عێراقدا بڕیاری كۆتایی بدرێت لە بارەی دیاریكردنی بڕی قەرز و دیاریكردنی پشكی هەرێم لەو قەرزە، بەڵام بە وتەی ئەندامێكی لیژنەى دارایی، “له‌سه‌ر ناردنی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بەبێ‌ مەرج گرژى له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دروستبووه‌ و دواخراوه‌”.

د. جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی راگەیاند: “ئەمڕۆ لیژنەكەمان كۆبووینەوە بۆ ئەوەی بڕیاری كۆتایی بدەین لە بارەی دیاریكردنی بڕی ئەو قەرزەی كە حكومەتی عێراق دەتوانێت بیكات بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، كۆبوونەوەكەش بە باشی بەڕێوەچوو سه‌ره‌تا، بەجۆرێك زۆربەی ئەندامانی لیژنەكە نزیكبووینەوە لەوەی كە رەزامەندی دەرببڕین بە كردنى 12 ترلیۆن دینار قەرز”.

وتیشى: “لە ئێستادا حكومەتی عێراقی بۆ خۆی 12 ترلۆین دیناری لەبەردەستدایە، بە قەرزكردنی 12 ترلیۆنی دیكەش كه‌ ده‌كاته‌ 24 ترلیۆن دەتوانێت مووچەی سێ‌ مانگی فەرمانبەران بەبێ‌ گرفت دابینبكات”.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد: “گەیشتینە ئەوەی كە باس لە پشكی هەرێم بكرێت لەو قەرزەی كە حكومەتی عێراقی دەیكات، بەڵام گرفت دروست بوو، چونكە بەشێك لە ئەندامانی شیعەی لیژنەی دارایی رازی نابن بەوەی 320 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكرێت تا كۆتایی ئەم ساڵ بەبێ‌ مەرج”.

د. جەمال كۆچەر ئەوەشی خستەڕوو: “ئێمەی ئەندامانی كوردیش لە لیژنەی دارایی بەهەموو شێوەیەك بەرگریمان لەوە دەكرد كە نابێت مووچەی فەرمانبەران تێكەڵ بە ململانێ‌ سیاسییەكان بكرێت و نەبەسترێتەوە بە پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە كۆمەڵێك مەرج و داواكاری، بەڵام لە ئەنجامدا ئه‌م گفتوگۆیه‌ بووەهۆی دروستبوونی ناكۆكی لەنێوان ئەندامانی لیژنەی دارایی و كۆبوونەوەكە بەبێ‌ هیچ ئەنجامێك كۆتایی پێهات و بۆ سبەى دواخرا، بەڵام ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی كە ئەگەر پشكی هەرێم تا كۆتایی ئەمساڵ گەرەنتی نەكرێت ئەوا ئامادەنین دەنگ بە پرۆژەیاسای قەرز بدەین”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this