“ساڵی رابردوو رۆژانە 40 خێزان لە هەرێمی كوردستان هەڵوه‌شاونه‌ته‌وه‌”

0
309

SNN – عەلی حەمەسەعید

بەپێى دواین ئاماری ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە ئەنجامدانی گرێبەستی خێزانی و جیابوونەوەی هاوسەران، لە ماوەی هه‌شت مانگى ساڵی رابردوودا رۆژانە 40 خێزان هەڵوەشاونەتەوە.

به‌پێى دواین ئاماری تایبەت بە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكان كە لەلایەن ئەنجوومەنی دادوەری بڵاوكراوەتەوە و وێنەیەكی لای SNNه‌، “لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا 62 هەزار و 490 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، لە كاتێكدا هەشت ساڵ لەمەوبەر تەنیا شەش هەزار و 79 دۆسیەی تەڵاق و جیابوونەوە لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون”.

هەر بەگوێرەی ئامارەكان، “تەنيا ساڵی رابردوو 11 هەزار دۆسیەی جیابوونەوە تۆماركراون، بەوجۆرەش ساڵی رابردوو لەو رۆژانەی دەوامی دادگاكان هەبووە، رۆژانە 40 خێزان لەبەر یەك هەڵوەشاونەتەوە، هاوكات لە هەشت ساڵی رابردوودا زۆرترین ژمارەی جیابوونەوە لە دادگاكانی سنووری پارێزگای هەولێر تۆماركراوە، بەجۆرێك لەم ماوەیەدا 24 هەزار و623 دۆسیەی جیابوونەوە هەبووە، پارێزگای سلێمانیش لە پلەی دووەمدایە، كە 24 هەزار و 287 حاڵەتی تەڵاق و جیابوونەوە هەبووە”.

هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئەوەش خراوەتەڕوو، “زۆربەی تەڵاق و جیابوونەوەكان لەنێو ئەو هاوسەرانەدایە كە تەمەنیان لەنێوان 16 تاوەكو 25 ساڵیدایە و هەر لەماوەی هەشت ساڵی رابردووشدا ئاماری جیابوونەوە بە رێژەی 42% زیادبووە و ئاماری گرێبەستی هاوسەرگیریش بە رێژەی 24% كەمیكردووە”.

ڕایان عوسمان، توێژەری كۆمەڵایەتی و شارەزا لە كاروباری خێزان بە SNNی راگەیاند: “زۆر هۆكار هەن پاڵنەرن بۆ ئەوەی دوای ماوەیەكی كەم لە ئەنجامدانی هاوسەرگیری نێوانیان خێزانەكان بیر لەوە بكەنەوە كە لە یەك جیاببنەوە، بەڵام گرنگترین هۆكاری سەردەم خراپی باری دارایی تاكەكانه‌، هەروەها پێشكەوتنی ته‌كنەلۆجیا و بە كارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی زۆرجار خودی هاوسەرەكان بۆ خۆیان كێشەیان نییە، بەڵام كەسە نزیكەكانیان لەناو خێزانەكانیاندا كێشەیان بۆ دروستدەكەن تا دەگاتە ئاستی جیابوونەوە لەگەڵ ئەوەشدا گەیشتنی دوو كەس لە دوو خێزان كە هەڵسوكەوت و بیركردنەوەیان تاڕادەیەك جیاوازبووە لە رابردوودا لە ئێستاشدا گەیشتوون بەیەك كاتی پێویست دەبێت به‌وەی لەیەك بگەن، بەڵام زۆرجار چاوەڕێی كات ناكرێت و خێرا بڕیاری جیابوونەوە دەدرێت”.

كارزان سەلام، پارێزەری راوێژكار بە SNNی راگەیاند: “نەبوونی هەلیكار و لێكتێنەگەیشتنی نێوان هاوسەرەكان و هۆكارێكی سەرەكییە بۆ جیابوونەوەی هاوسەرەكان لەیەكتری، بۆیە ئەگەر ئەم دۆخی خراپی باری گوزەرانی هاووڵاتییانە هەروا بەردەوامی هەبێت و خەڵك بێكار بێت بێگومان حاڵەتەكانی جیابوونەوەش لەگەڵیدا زیاد دەكات، بەڵام لە هەموو حاڵەتەكاندا هاوسەری ژیر ئەوانەن كە بیر لە جیابوونەوە ناكەنەوە بەهۆی كێشەی دارایی یان لێكتێنەگەیشتن لەیەكتری، چونكە دەكرێت ئەو گرفتانە چارەسەر بكرێن، بەڵام قورسە بڕیاری جیابوونەوە بدرێت، چونكە كۆمەڵگای ئێمە هەمیشە بە چاوێكی جیاواز سەیری ئەو كەسانە دەكەن كە هاوسەرگیریان كردووە و جیابوونەتەوە”.

 

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this