بەبێ‌ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی كورد لیژنەی دارایی پرۆژەیاسای قەرزی پەسەند كرد

0
1201

SNN-عەلی حەمە سەعید
كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆتاییهات، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە كە حكومەت دەتوانێت 12 تریلیۆن دینار قەرز بكات، پشكی كوردیش لەو قەرزەدا نییە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەندامانی شیعەی لیژنەی دارایی مەرجیان لەسەر كورد دانا بە ڕادەستكردنی 480 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە و كوردیش ئەوەی قبوڵ نەبووە.

بەختیار شاوەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق كۆتاییهات و بەهۆی ئەوەی ئەندامانی كورد لەو لیژنەیە كەمینە بوون، بە بێ‌ ڕەزامەندی ئەندامە كوردەكان پرۆژەیاسای قەرز پەسەند كرا و ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان كرا بە مەبەستی دەنگدان لەسەری.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەكەدا ئەندامانی شیعەی لیژنەی دارایی بەمەرجێك ڕەزامەند بوون بە ناردنی 320 ملیار دینار بۆ هەرێم كە هەرێم ئامادە بێت ڕۆژانە 480 هەزار بەرمیل نەوت و داهاتی نانەوتی ڕادەستی عێراق بكات، بەڵام ئەندامانی كورد بەمە ڕازی نەبوون، دواتر ڕێژەكەیان بۆ 380 هەزار بەرمیل لەگەڵ داهاتی نانەوتی كەمكردەوە، بەڵام ئەندامانی كورد هەر ڕازی نەبوون بۆیە دواجار ئەوان بەزۆرینە پرۆژەیاساكەیان پەسند كرد و ڕەوانەی پەرلەمان كرا.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی داریی ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی كە حكومەت دەتوانێت بڕی 12 تریلۆین دینار قەرز بكات، بۆیە ئەگەر ئەوان هەر بەدەوامبن لەسەر ئەوەی كە پشكی كورد لەو قەرزە نەبێت، ئەوا ئێمەش بەشداری دانیشتنەكەی پەرلەمان ناكەین و دەنگیشی پێنادەین.
پێشتر و هەر ئەمڕۆ شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە SNNی ڕاگەیاند: پێشئەوەی ئەمڕۆ وەک لیژنەی دارایی كۆببینەوە، وەک فراكسیۆنە كوردییەكان لە پەرلەمانی عێراق كۆبووینەوە و هەڵوێستی خۆمان یەكخستووە لەبارەی پشكی هەرێم لە پرۆژە یاسای قەرز و ناردنی 320 ملیار دینار تا كۆتایی ئەمساڵ، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو لایەك هاوڕاین كە نابێت ئەم بابەتە تێكەڵ بە ململانێی سیاسی بكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی بووەتە گرفت بۆ هەندێك لە ئەندامانی شیعەی لیژنەی دارایی ئەوەیە كە لە بڕگەیەكی پڕۆژە یاساكەدا بەگشتی باس لەپشكی هەرێم كراوە، بەبێ ئەوەی هیچ بڕێك دیاریكرابێت، بەڵام ئەو ئەندامانەی لیژنەی داریی شیعە ناڕازین بەم بڕگەیە و دەڵێن كە دەبێت لەبەرامبەر ئەم بڕگەیەدا حكومەتی هەرێم ناچار بكرێت بە ناردنی داهاتی ناوخۆ و داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ حكومەتی عێراق.
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بە SNNی ڕاگەیاند: ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەیە لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم بڕاوەتەوە و بڕیاری كۆتایی لەبارەی پشكی هەرێم دراوە كە تا كۆتایی ئەمساڵ حكومەتی عێراق 320 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەكات تا ئەوكاتەی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 پەسەند دەكرێت ئەو كات بڕیار و شێوازی دیكە دەگیرێتە بەر و ڕێككەوتنی نوێ‌ لەنێوان هەردولادا جێبەجێدەكرێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دڵنیایشدا كە ئەوە ئیشی لیژنەی دارایی یان پەرلەمانی عێراق نییە ڕێگری بكات لە ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێم، بەڵكوو ئەوە ئیشی حكومەتە و ڕێككەوتنی هەیە لەگەڵ هەرێم و دەبێت پابەندی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكەشی بێت بۆیە لە هیچ شوێنێكی دنیادا نەبووە پەرلەمان پارە پەیدا بكات و ڕێگری بكات لە ناردرنی پارە بۆ هاوڵاتییەكانی.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this