“قه‌رزكردن عێراق تووشى گرفتى ئابوورى و هه‌ڵاوسان ده‌كات”

0
1359

SNN-عەلی حەمەسەعید
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ پرۆژه‌یاساى قه‌رز به‌ مه‌به‌ستى پڕكردنه‌وه‌ى كورتهێنان له‌ بودجه‌ى عێراق و دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران په‌سه‌ندكرا، ئابووریناسێكیش ده‌ڵێت: ئه‌م قه‌رزه‌ هه‌ڵاوسان و دابه‌زینى به‌هاى دینار به‌دواى خۆیدا ده‌هێنێت.

به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق به‌ زۆرینه‌ى ده‌نگ بڕیاریدا له‌سه‌ر پرۆژه‌یاساى قه‌رز كه‌ بڕه‌كه‌ى 12 ترلیۆن دیناره‌.

عوسمان محەمەد، ئابووریناس و شارەزا لە كاروباری دارایی بە SNNی راگەیاند: “عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە خاوەنى ئابوورییەكی ناسەقامیگرە، چونكە كەرتە گرنگەكانی وەك: كشتوكاڵ، پیشەسازی و وەبەرهێنان زۆر بەكەمی پشتیان پێبەستراوە، هەموو پشتبەستنێكی عێراق بە فرۆشتنی نه‌وته‌ لە بەدەستخستنی داهات، لەگەڵ ئەوەشدا عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی كە زیاتر %80 ی كاڵا و شمەك و پێداویستیيەكانی لە سەرجەم كەرتەكان لە دەرەوە هاوردە دەكات، ئەمە وایكردووە كە ئابووری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ئابوورییەكی شێواو بێت”.

وتیشى: “كاتێك عێراق بۆ خۆی پارەی لەبەردەستدا نییە و قەرز دەكات لەگەڵ ئەوەشدا زۆربەی كەرەستە و كاڵاكانی لەدەرەوە هاوردە دەكات هیچ كارگەیەكی پیشەسازی ناوخۆیی نییە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكان ئەمە لە سوودی وڵاتانی دەوروبەرە بە تایبەت توركیا و ئێران، كە هەردوو ئەو وڵاتە ئێستا دراوەكانیان دابەزینی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، ئەمە وادەكات ئەو هەڵاوسانەی كە لە توركیا و ئێران هەیە هاوردەی بكەین بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش”.

ئەو شارەزایەی بواری ئابوورى ئەوەشی خستەڕوو: “لە رابردوودا عێراق خاوەنى نەختینەیەكی گەورەی دراو بوو كە بە 80 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرا، بەڵام عێراق دەستیشی بۆ ئه‌و نەختینەیە بردووە، هاوكات لەگەڵ قەرزكردنەكەش ئەمە وایكردووە پارە لەبازاڕ زۆر بێت، بەڵام كاڵا و شمەك كەم بێت دواجار دابەزینی نرخی دینار و هه‌ڵاوسانی نرخی كاڵا و شمەك بەدوای خۆیدا دەهێنێت”.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this