سەرۆکایەتیی یەکێتی لە ساڵیادی دامەزراندنی سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە

0
592
بافڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی

SNN

سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی 236هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “سلێمانی، خانەخوێیه‌كی میهره‌بانه‌ بۆ ھەموو پارت و پێکھاتە و ئاینزاکان. شاری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و ئازادیی راده‌ربڕینه‌‌”.

دەقی پەیامەکە:

وا ئه‌مڕۆ سلێمانی 236 ساڵە و، لەو ڕۆژە تا ئێستا هەمیشە پێشەنگ بووە. لە روداوە كۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، سیاسی، رووناکبیری و ئەدەبییه‌كاندا ره‌چه‌شكێن بووه‌‌‌. داینەمۆ بووه‌ بۆ چاكسازی و گۆڕانكاری و نوێكردنه‌وه‌ له‌هه‌موو كایه‌كانی ژیاندا، و له‌به‌رده‌م هه‌ر ته‌وژمێكی ناڕه‌سه‌ندا، خۆڕاگر، و بۆ هه‌ر نوێكردنه‌وه‌یه‌ك، ده‌سپێشخه‌ر و پشتیوان بووه‌. سلێمانی مه‌ڵبه‌ندێكی سه‌ره‌كیی كوردپه‌روه‌ری و په‌ناگه‌ی ده‌نگی ئازاده‌ و هه‌رگیز ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌ویی قبوڵ نه‌كردووه‌.

سلێمانی، خانەخوێیه‌كی میهره‌بانه‌ بۆ ھەموو پارت و پێکھاتە و ئاینزاکان. شاری پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن و ئازادیی راده‌ربڕینه‌‌. شاری خۆڕاگری و به‌ره‌نگاری بووه‌ له‌ بەردەم پەتی سێدارە. داهێنه‌ربووه‌ له‌ سه‌رپێخستنی خه‌بات و جووڵانه‌وه‌ی سیاسی و، وره‌ و وزه‌به‌خشی  شۆڕش و به‌رده‌وامییه‌. سلێمانی، ئازا و ئازاده‌. زیندوێتی و یاخیبوون وەک دوو تایبەتمەندیی ئه‌م شاره‌، زادەی ھەڵکەوتنی دەیان رووناکبیر و تێکۆشەر و کەسایەتی به‌رجه‌سته‌ و سەرکردەن‌ لەبوارە جیاکانی ژیاندا، کە جێدەستیان لەبەرەوپێشبردن و زیندووێتی ئەم شارە و دیرۆكی کوردستاندا دیاره‌ و، بۆ رۆژگاری خۆیان و ئێستاش، بوونەتە رێنیشاندەر و ئاڵاھەڵگری ئاینده‌یه‌كی روون.

ئەمڕۆ ئێمە لەسەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە دید و روئیایەکی راسته‌قینه‌ و نوێوە له‌ سلێمانی ده‌ڕوانین. وه‌ك چۆن دامێنی كوێستانه‌كانی كوردستان، مه‌ڵبه‌ندی خۆڕسكی ژیان و گه‌شه‌ی دره‌خته‌ ره‌سه‌ن و یاخییه‌كانه‌، سلێمانییش بۆ یه‌كێتی، خاكی به‌پیتی ژیان و گه‌شه‌ و نوێبونه‌وه‌یه‌تی. ره‌گی قووڵی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ گۆڕستانی شه‌هیدانی ئه‌مشاره‌ و بست به‌ بستی كوردستاندا چۆته‌ خوارێ، و ره‌شه‌بای هه‌ر شۆڕشێكی نیشتمانی و كوردستانی، رابه‌رایه‌تی ده‌كا.

بۆ یەکێتی، سلێمانی، شاری ھەڵمەت و قوربانی، دایک و ھەستانەوە و ھەڵگیرساندنی شۆڕش و بەردەوامیی خەباتمانە. ئه‌مه‌ش وا ده‌كا ئه‌رك و بەرپرسیارێتیمان زیاتر بێ به‌رامبه‌ری و، لەئاست گەورەیی و مەزنیی سلێمانی، خزمەتکاری راستەقینە بین. ھەموو هه‌وڵێكمان بۆ پاراستنی شكۆ و پێشه‌نگیی و زیندووھێشتنەوەی بێ. لەھەموو رووەکانەوە، ئاوەدانیی و گەشەپێدانی سلێمانی، به‌ ئه‌ركی خۆمان بزانین و لەئاست گەورەیی و شکۆمەندی خەڵکی سلێمانی و ته‌واوی كوردستان بەڵێن بدەین كه‌ یەکێتیی نوێ، یەکێتیی خزمەت و، یەکێتیی حکومدارییەکی باشتر و ئاوەدانتر و شایسته‌تر بێت.

ئه‌مڕۆ و له‌م رۆژه‌ مێژووییه‌دا، ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ڵێن ئه‌ده‌ین كه‌ رێگە نه‌دەین سلێمانی بکرێتە قوربانیی ململانێ و پێخوستی نائارامییه‌ سیاسییەکان، نه‌هێڵین بكه‌وێته‌ پاشكۆی روداوه‌كان و، رێنه‌ده‌ین لەمەزیاتر و به‌ مه‌به‌ست فەرامۆش و پشتگوێ بخرێت.

پیرۆز بێ یادی بنیادنانی شارە حەیاتەکە

دڵنیا بن یەکێتی لەئاست مەزنیی سلێمانی، بەرپرسیار و بەئەمەکه‌

سەرۆکایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this