تەندروستی هەرێم: پشکمان لە هەر ڤاکسینێکدا هەیە کە دەگاتە عێراق

0
384

SNN- بریار محەمەد

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت “تاوەكو ئێستا ڤاكسینی دژە كۆرۆنا نەگەیشتۆتە عێراق و هەر كاتێك لە هەر وڵاتێك ڤاكسینی دژە كۆرۆنا رەوانەی عێراق بكرێت، بە دڵنیایەوە هەرێمی كوردستانیش پشكی لەو ڤاكسینەدا هەیە”.
دكتۆر ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە SNNی راگەیاند: لە ماوەی رابردووش باسمان لەوە كردبوو كە هەركاتێك هەر جۆرە پێداویستیەكی تەندروستی بگاتە عێراق بەدڵنیایەوە پشكی هەریمی كوردستانیشی لێدەدرێت، لەبارەی ڤاكسینی دژە كۆرۆناشەوە تاوەكو ئێستا هیچ جۆرە ڤاكسینێك نەگەیشتۆتە عێراق و هەركاتێکیش بگات ئەوا پشكی هەرێمی كوردستانی لێدەدرێت .
وتیشی: هیچ وادەیەک بۆ كاتی هاتنی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بۆ عێراق دیاری نەكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا رێككەوتن لە نێوان حكومەتی عێراق و رووسیادا كراوە بۆ ئەو ڤاكسینە رووسییە و هەركاتێكیش ئەو ڤاكسینە گەیشتە عێراق، ئەوا بەپێی رێككەوتن پشكی هەرێم راستەوخۆ دەنێردرێت، هەركاتێکیش هات ئەوە بەپێی ژمارەی ئەو كەسانە دابەشدەکرێت کە زۆرترین مەترسی تەندروستییان لەسەرە.
رۆژی 11ی‌ ئابی‌ رابردوو وەزارەتی‌ تەندروستی‌ رووسیا یەكەم ڤاكسینی‌ دژی‌ ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا تۆماركرد بە ناوی‌ “Sputnik V” هەروەها ڤاكسینەكە لەلایەن پسپۆڕانی‌ سەنتەری‌ “گامالی‌” بە پشتیوانی‌ سندوقی‌ وەبەرهێنانی‌ راستەوخۆی‌ رووسی‌ كاری‌ لەسەر كرا و بەرهەمهێنرا.

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this