“له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا بارێكى دیكه‌ى هه‌نارى هه‌ڵه‌بجه‌ ره‌وانه‌ى به‌ریتانیا ده‌كرێت”

0
272

SNN – عەلی حەمە سەعید
كۆمپانیای هەناری هەڵەبجه‌ بڕی 16 ته‌ن و 750 كیلۆ هەنارى گه‌یانده‌ شاری بێرمینگهامی وڵاتى بەریتانیا، سه‌رپه‌رشتیارى كۆمپانیاكه‌ش ده‌ڵێت: “له‌ دوو رۆژى داهاتوودا دوو ته‌نى دیكه‌ هه‌نار ره‌وانه‌ى به‌ریتانیا ده‌كه‌ین”.

فەرەیدون نامدار، سەرپەرشتیاری كۆمپانیای هەناری هەڵەبجە بە SNNی راگەیاند: “هەروەك پێشتر بڕیارماندا بوو كە لە هەوڵەكانمان به‌ردەوام دەبین بۆ هەناردەكردنی هەناری هەڵەبجە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی، سەركەوتووانە توانیمان بڕی 16 ته‌ن و 750 كیلۆ هەناری هەڵەبجە بگەیەنینە شاری بێرمینگهامی بەریتانیا كە ئەوەش بۆ یەكەمجارە بڕێكی وەها زۆر رەوانەی دەرەوە بكەین و بەسەركەوتووی بگاتە جێگەی مەبەست”.

وتیشى: “ئەو هەنارەی هەناردەی دەرەوەمان كردووە نزیكەی دوو هەفتەیە بەڕێوەیە و هەوڵەكەشمان لەڕێگەی كونسوڵگەری وڵاتی توركیا و بەریتانیا، وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و عێراق توانیمان ئەو كارە بە ئەنجام بگەیەنین، هاوكات لە دوو رۆژی داهاتووشدا بارێكی دیكەی هەناری هەڵەبجە رەوانەی بەریتانیان دەكەینەوە”.

سەرپەرشتیاری كۆمپانیای هەناری هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو: “لە بەرنامە و پلانماندا هەیە كە هەناری هەڵەبجە رەوانەی ئەڵمانیا و وڵاتی قەتەریش بكەین، هاوكات بۆ ساڵانی داهاتووش هەوڵدەدەین بڕێكی زیاتر بۆ ژمارەیەكی زیاتری وڵاتانی دەرەوە بنیرێن، چونكە هەناری هەڵەبجە ساڵانە نزیك دەبێتەوە  لە 40 هەزار ته‌ن ئەوەش بڕێكی زۆرە و بەشی هەناردەكردنیش دەكات”.

لە ماوەی رابردوودا بۆ یەكەمجار SNN له‌سه‌ر زارى فه‌ره‌یدون نامداره‌وه‌ ئاشكرایكرد، هەناری هەڵەبجە رەوانەی وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی دەكرێت.

 

بەشی بکە لە
Previous Next
Close
Test Caption
Test Description goes like this